عێراق ژمارەیەک بەنداو لە هەرێمی کوردستان دروستدەکات
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاشکرایکرد، سەرقاڵی جێبەجێکردنی سێ بەنداوی مامناوەندن لە هەرێمی کوردستان و لەقۆناغی ئێستادا تیمەکانیان سەرقاڵى دیزاینی کۆتایی بەنداوەکانن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی حوزەیرانی 2024، عەون زیاب عەبدوڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو بە رۆژنامەی 'سەباح'ـی زمانحاڵی حکومەتی عیراقی راگەیاندووە، لیژنەی هونەریی وەزارەتەکەیان سەرقاڵی نوێکردنەوەی دیزاینی ئەو بەنداوانە دەکات کە پێشکەشیکراوە لە ناوچەکانی تەقتەق، دڵگە، بەکرمان و مەنداوا کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و گلدانەوەی ئاو بە رێژەی مامناوەند بەکاردەهێنرێن.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەشکرد، بەنداوی مەنداوا لەسەر زێی گەورە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بونیاد دەنرێت، بەڵام هێشتا گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق تەواونەبوون کە پەیوەندیدارن بە قەبارەی گونجاوی بەنداوەکە و رووبەری گلدانەوەی ئاو تێیدا.
عەون زیاب عەبدوڵا ئاشکراشیکرد، ئەو سێ بەنداوەی دیکە کە بەتەواویی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بونیاد دەنرێن، ئەوانیش )باکرمان، تەقتەق، مەنداوا و دڵگە(یە لەسەر رووباری خازر، زێی بچووک و ناوچەی پشدەرن = و بڕیارە لەماوەی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا کارەکانیان تەواو بکرێن، پاش ئەوەی لێکۆڵینەوە و دیزاینەکانیان تەواو دەکرێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵی 2022، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیانی پاوەر چاینای جیهانیی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکردووە بۆ دروستکردنی چەندین بەنداو و لەناویاندا هەریەک لە بەنداوەکانی (دڵگە و مەنداوا و باکرمان) هەبوون، بەڵام بەگوێرەی گوتەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق، تەنیا بەنداوی مەنداوا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروستدەکرێت.
06/06/2024