عەزیز گەردی.. زمانزان و وەرگێڕێکی گەورەی کورد بوو
عەزیز گەردی، یەکێکە لە دیارترین نووسەر و وەرگێڕەکانی کوردستان، خاوەنی هەگبەیەکی دەوڵەمەندە لە وەرگێڕانی شاکارە ئەدەبییە جیهانییەکان، ساڵی 1947 لە شاری هەولێر لەدایکبووە و ڕێکەوتی شەشی حوزەیرانی 2022 کۆچی دوایی کردووە.
لێکدانەوەی بۆ ئەدەبە جیهانییەکان کردووە
عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە عەزیز گەردی، لە منداڵییەوە خولیایەکی گەورەی بۆ خوێندنەوە هەبووە، لەگەڵ خوێندنەوەی هەر بەرهەمێکدا، سەرنجەکانی خۆی نووسیوە و بەمەش لە سەرەتای کاروانی خوێندنەوەوە بووە بە خاوەنی دەفتەرێکی دەوڵەمەند لە نووسینەوەی سەرنج و لێکدانەوەکانی بۆ ئەدەبیاتی ناوخۆ و جیهان.

چەندین لێکۆڵینەوەی هەیە
خاوەنی دەیان بەرهەمی جیاواز و تایبەت بە ڕەوانبێژی، زمان، ئەدەبیات و لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە، لە ئاستی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، ڕابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکەدا جێدەستی دیارە.

خۆی بۆ نووسین تەرخان کردووە
عەزیز گەردی خاوەنی پلەی دکتۆرا بووە لە ئەدەبیاتی کوردییدا، خۆشەویستییە گەورەکەی بۆ ئەدەبیات و وەرگێڕان، وا دەکات دەست لە گوتنەوەی وانە هەڵبگرێت لە کۆلێژی ئاداب و خۆی بۆ نووسین و وەرگێڕان تەرخانبکات.
ئەم نووسەرە، خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندە لە زانینی زار و زمانەکان، کورمانجی سەروو و خوارووی زۆر بە باشی زانیوە، هاوتای هەورامی و چوار زمانی دیکەی جیهانی، لەوانە: فەڕەنسی، ئینگلیزی، عەرەبی و فارسی.

بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە
ڕێکەوتی شەشی حوزەیرانی 2022 بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 75 ساڵیدا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و پاش خۆی هەگبەیەکی دەوڵەمەندی بۆ ئەدەبیات و نووسینی کوردی جێدەهێڵێت.
لە تێکڕای ژیانیدا، عەزیز گەردی توانیویەتی بەنزیکەی 200 کتێب بنووسێت، کە ژمارەیەکیان چاپ نەکراون، لە دیارترینیان:
رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردی دا
ئەدەب و رەخنە
سەروا
کێشی شیعری کلاسیکیی کوردی
چیرۆکەکانی ئیزۆپ
لۆرکا
3 کاتژمێر پێش ئێستا