سودانى: بەڵاى گەندەڵى جیاوازى لەگەڵ تیرۆر نییە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، بەڵاى گەندەڵى جیاوازى لەگەڵ تیرۆر نییە و درز دەخاتە راستگۆیی کارى دەزگاکانى دەوڵەت، دووپاتیشیکردەوە، بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى ئەستەم نییە.

ئەم گوتانەی سودانی لەمیانی یەکەمین کۆڕبەندى ئەنجوومەن و دیوانى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بوو کە ئەمڕۆ لە بەغداد بەڕێوەچوو.

سەرۆکوەزیرانى عێراق راشیگەیاند، ئامانجى کۆڕبەندەکە چالاککردنى رۆڵى چاودێریی ئەنجوومەنى پارێزگاکانە کە بگونجێت لەگەڵ ئەرکە لەپێشینەکانى حکومەت و دەستەى دەستپاکى لە بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى.

گوتیشى، تەواوکردنى پێکهاتەى حکومەتە خۆجێییەکان لە دواى سەرکەوتنى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و تەواوکردنى چوارچێوەى کارکردنیان، دەخوازێت خەرجکردنى سامانى گشتى پارێزگاکان بۆ بەرژەوەندیى هاوڵاتیان رێکبخرێت و هەنگاوبنرێت بۆ چالاککردنى رۆڵى چاودێری و بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى.

دووپاتیشیکردەوە، بەڵاى گەندەڵى جیاواز نییە لە تیرۆر و پێویستە بەرەنگارى ببنەوە، تیرۆر چیدی هەڕەشە نییە لەسەر دەوڵەت، بەڵام گەندەڵى درز دەخاتە متمانەى کارى دەزگاکانەوە.

روونیشیکردەوە، بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى ئەستەم نییە، ئەگەر هەنگاوى پشتبەستوو بە یاسا و میکانیزمى گونجاو لە بڕیاردان بگیرێتەبەر، پەکخستنى کارەکان جۆرێکە لە گەندەڵى و بەهەداردانى سامانى گشتى و زۆرێک لە پرۆژەکان بە پاساوى وردبینى پەکخراون.