لێدوانێكی بەپەلە لە وەزیری سامانە سروشتییەكانەوە لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، کێشەی سەرەکیی بەردەم هەناردەی نەوت ئەوەیە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت زۆرە، بەڕێوەبەردنی نەوت لە عێراق و هەرێمی كوردستان جیاوازە.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان لە لێدوانێكدا بۆ پەڕەی سەرەكی وەزارەتەكەی ئاشكرایكردووە، کێشەی سەرەکی بەردەم هەناردەی نەوت ئەوەیە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت زۆرە، هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کۆمپانیاکان لە کەرتی نەوتدا وەبەرهێنانیان کردووە.
باسی لەوەشكردووە، عێراق ساڵانە چەندین تریلیۆن دینار بۆ کەرتی نەوتەکەی تەرخان دەکات، بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان جیاوازە، لە عێراق کەرتی گشتییە و لە هەرێمی كوردستان کەرتی تایبەتە.
وەزیری سامانە سروشتییەكان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتویەتی، عێراق ساڵانە چەندین تریلیۆن دینار بۆ کەرتی نەوتەکەی تەرخان دەکات، ئێستا عێراقیش گەیشتووەتە ئەم قەناعەتە دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
ئەوەشی روونكردەوە، بڕیارە رۆژی یەكشەممە 9ـی ئەم مانگە شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت سەردانی بەغداد بکات، چاوەڕێ دەکەین بەمنزیکانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.
کەمال محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوەشكردووە، کۆمپانیاکان بە بڕە پارەیەکی زۆر وەبەرهێنانیان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمى کوردستان کردووە و پێویستە بەغداد رەچاوی ئەمە بکات.
06/06/2024