%70ی ماسیی پرۆژەکانی گەرمیان لەناوچوون

هۆکاری لەناوچوونی ماسییەکان نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە
هۆکاری لەناوچوونی ماسییەکان نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە سنووری دەشتی گەرمیان نەخۆشی لەناو پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی بڵاوبووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری لەناوچوونی بە کۆمەڵی ماسییەکان و زیانگەیشتن بە خاوەنی پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی لە سنوورەکە. ئەو کارەساتەش وای لە پزیشکانی ڤێتەرنەریی ناوچەکە کرد دەستبکەن بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە هۆکاری لەناوچوونی ماسییەکان. لەژێر رۆشنایی ئەم توێژینەوەیەش دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 بەدواداچوونی بۆ ئەم گرفتە کرد و سەرەتا سەردانی خاوەن پڕۆژەکانی ناوچەی گەرمیانی کرد.

ئەوان ئاماژەیان بەوەکرد لە دوای ساڵی 2021ەوە دوچاری ئەم گرفتە بوونەوە و زیاتر لە %70ی ماسییەکانیان مردابوونەوە. هۆکارەکەیان دەگەڕاندەوە بۆ پیسیی ئەو ئاوەی کە بۆ حەوزی ماسییەکان بەکاریدەهێنن، هەروەها بۆ ئەو پەنجەماسییانەی کە لە باشوور و ناوەراستی عێراقەوە هاوردەی کوردستان دەکرێت.

هەر لە درێژەی بەدواداچوونەکە کەناڵ8 سەردانی توێژەران و پزیشکانی ڤێتەرنەرییان کرد کە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی وردیان کردبوو لەسەر ئەو ڤایرۆسەی کە هۆکاربووە بۆ مرداربوونەوەی ئەو ماسییانە. د.دیار ئەکبەر پسپۆری بایۆکیمستریی کلینیکی یەکێک لە بەشداربووانی ئەم توێژینەوە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ 8 گوتی:

'' دوای ئەوەی نموونەمان بۆهات لە دوو پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی کە رێژەیەکی زۆر مرداربوونەوەی تێدابوو، پشکنینمان ئەنجامدا و بۆمان دەرکەوت هۆکاری نەخۆشییەکە ڤایرۆسی koi herpes  کە بۆ یەکەمجارە لە کوردستان ئەم ڤایرۆسە دەستنیشانبکرێت، هەر بۆ زیاتر دڵنیابوونەوە نموونەیەکمان نارد بۆ کۆریا و ئەنجامی راستیی پشکنیینەکەی ئێمەیان دووپاتکردەوە''

ئەو ڤایرۆسە کار لە ریشوە کەوانەکانی ماسی و ئەندامە جیاوازەکانی دیکەی ماسی دەکات و لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێر دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە، دەبێتەهۆی مرداربوونەوەی ماسییەکە. ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەو ڤایرۆسە بەخێرایی لەنێو ماسییەکان دەگوازرێتەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێک بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە.

هەر بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاریی زیاتر کەناڵ8 سەردانی بەرێوبەرایەتیی ڤێتەرنەریی گەرمیانی کرد، د. ئارام ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی گەرمیان لە لێدوانێکدا گوتی:

'' گومان دەکرێت هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی پرۆژەی ماسییەکان بێت کە رووباری سیروانە و لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان یان بەهۆی ئەو پەنجە ماسییانەوە بووبێت کە لە حیلەوە هەناردەی خاکی کوردستان کراون''

جێگەی باسە پێشتر لە حیلە کە سەرچاوەی هێنانی پەنجەماسییەکانی سنووری گەرمیانە، ئەو نەخۆشییە بڵاوبووەتەوە، کە ئەمەش گومانی زیاتری لای هاونیشتمانییان دروستکردووە کە ماسییە هاوردەکراوەکان هۆکاری سەرەکیی ئەو نەخۆشییەن؛ بۆیە خاوەنی پڕۆژەکان و هاونیشتمانییان داوادەکەن پرۆژەی بەرهەمهێنانی پەنجەماسی لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی ماسی.

بە گوێرەی ئاماری ڤێتەرنەریی گەرمیان بە رووبەری 600 دۆنم پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی هەیە لە سنوورەکە کە بەشێکی زۆریان نافەرمیین و تەنیا 40 پرۆژەیان مۆڵەتی فەرمییان هەیە، بەرێوەبەرایەتیی سنوورەکەش داوا لە خاوەن پرۆژەکان دەکات پابەندی رێنمایەکانی بەڕێوبەرایەتیی ڤێتەرنەری بن بە مەبەستی دووربوون لە نەخۆشییە گوازراوەکان.