مانگی رابردوو لە تورکیا 40 ژن کوژراون

ئاماری کوشتنی ژنان لەتورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکرایەوە و بەراورد بە مانگی رابردووش، کوشتنی ژنان زیادیکردووە، زۆرترین ئەو ژنانەشى کوژراون لە شارەکانى ئیستانبوڵ و ئەنقەرە بوون.

بەگوێرەی راپۆرتی "پلاتفۆرمی کوشتنی ژنان دەوەستێنین"، لە ماوەی مانگی رابردوودا لە تورکیا و باکووری کوردستان، 40 ژن بەدەستی کەسوکار و ناسراوەکانیان کوژراون و 20 ژنی دیکەش بە هۆکاری نادیار و گوماناوی گیانیانلەدەستداوە. بەوپێیەش رۆژانە لە تورکیا لانیکەم ژنێک دەکوژرێت.

وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، زۆرترین ژن لە ئیستانبوڵ کوژراون کە حەوت ژن بوون و لە ئەنقەرەی پایتەختیش شەش ژن کوژراون. هەر بەگوێرەی ئامارەکە 15 ژنیان لەلایەن هاوسەرەکانیان و شەشیان بەدەستی باوکیان و چوار ژنیشیان بەدەستی ئەو کەسانە کوژراون کە پەیوەندی خۆشەویستی هەبووە لەنێوانیاندا.

ئەمە لە کاتێکدایە مانگی نیسان 32 ژن لەلایەن کەسوکار و ناسراوەکانیان کوژران و 13 ژنیش بە هۆکاری گوماناوی گیانیانلەدەستدابوو.

بەگوێرەی ئامارەکانی پلاتفۆرمەکە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 164 ژن لەتورکیا و باکووری کوردستان کوژراون و 92 ژنیش بە هۆکاری گوماناوی گیانیانلەدەستداوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی پلاتفۆرمەکە، ساڵی رابردوو 315 ژن کوژراون و 248 ژنی دیکەش بە هۆکاری گوماناویی گیاناینلەدەستداوە. لە 2022شدا 334 ژن کوژراون و 245 ژنیش بە هۆکاری گوماناویی گیانیانلەدەستداوە.