کورتە فیلمی "خوانی گەورە" بەرهەمدەهێنرێت
بەشی بەرهەمهێنانی رێکخراوی "ئای فیلم"، لە نوێترین هەوڵی خۆیاندا، توانیویانە بە سەرکەوتوویی، کورتە فیلمی "خوانی گەورە" بەرهەمبهێنن، کە نوێترین کاریانە و بەشێوازێکی سوریاڵییانە کاری بۆ کراوە.
کورتە فیلمی خوانی گەورە، لە بەرهەمهێنانی تاریق تۆفیق و سەفین قانعە، ناوەڕۆکەکەی لە ئاستی گرفتە خێزانیی و کۆمەڵایەتییەکاندایە، بە شێوەیەکی سوریاڵیی، چیرۆکی جڵەوی مرۆڤ دەگێڕێتەوە بۆ ئارەزووە سێکشواڵیتییەکانی خۆی.

بە گوتەی ئاوارە عومەر، بەرپرسی هونەریی رێکخراوی ئای فیلم و سینەماتۆگرافەر و یاریدەدەری دەرهێنەری فیلمی خوانی گەورە، "ماوەی شەش مانگ کار بۆ بەرهەمهێنانی ئەم کورتە فیلمە کراو"، ئاماژە بەوەش دەدات؛ یەکێک لە بەشە گرنگەکان لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەدا، دۆزینەوە و هەڵبژاردنی ئەکتەرەکانە، پاش پرۆڤە و راهێنانێکی زۆر، توانیویانە رۆڵێکی گەورە بەرجەستە بکەن و کامیل ئەمین کاری کاستینگی بۆ ئەنجامداوە، کە تێیدا، هەریەک لە ئەکتەران: هەڵۆ مستەفا ئەحمەد، بەهرە عومەر و کامیل ئەمین، رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن و چەند ئەکتەرێکی دیکە وەکو رۆڵگێڕی پاڵپشت هاوکارن لە بەرەوپێشبردنی رووداوەکان.

هاوکات، ئاوارە عومەر بە کەناڵ8ی گوت، "لەماوەی سێ رۆژدا، کاری تۆمارکردنی ئەم کورتە فیلمە ئەنجامدراوە"، ئێستاش لە قۆناغی مۆنتاژکردندایە و لە قۆناغی دواتردا دەیانەوێت لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان نمایشی بکەن.
لە ئاستی بەرهەمهێنانی فیلمی کوردییدا، ئەو بەرهەمانە زۆرن کە گوزارشت لە ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، بەڵام کەمن ئەوانەی بە شێوەیەکی سوریاڵیی بەرهەمهێنراون، تارق تۆفیق، ماوەی 24 ساڵە سەرقاڵی کاری هونەرییە، خوانی گەورە نوێترین بەرهەمە کە کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامداوە، بە گوتەی خۆی، "بە گوێرەی سوریاڵیزمی هونەریی، هونەرمەندی شێوەکاری ئیسپانیی سالڤادۆر دالیی، چیرۆکی فیلمەکە تیۆریزە کراوە"، ئاماژە بەوەش دەدات؛ شێوازی گێڕانەوەی ئەم کورتە فیلمە، وەکو میکانیزمێکی هێمایی و دەرچوون لە گێڕانەوە باوەکانە، بەمەش شێوازێکی نوێ هاتووەتە کایەوە کە بە سینەمای کوردیی ئاشنا نییە.

تارق تۆفیق دەڵێت، "بۆ گەیاندنی بیرۆکەی فیلمەکان، سورڕیاڵیزم، یارمەتیدەرێکی باشترە لە گێڕانەوە ریاڵیستییەکان"، ئاماژە بەوە دەدات، "کۆمەڵگەی ئێمە، هێشتا قبوڵی بەرکەوتن و رووتبوونەوەی رەها ناکات"، ئەمەش پەیوەستە بە ناوەڕۆکی ئەم کورتە فیلمە، کە باس لە بابەتێکی هەستیاری سێکشواڵیی دەکات لەنێو پەیوەندیی هاوسەرگیرییدا، کە خیانەتە.
تارق تۆفیق، تاوەکو ئێستا بە رۆڵی جیاواز، بەشداریی لە چەندین کاری هونەریی کردووە و بەنزیکەی لە 20 بەرهەمی سینەماییدا بەشداربووە، وەکو دەرهێنەریش دەرهێنانی بۆ سێ بەرهەم کردووە، لەوانە: دۆکیومێنتاریی هەنگاوە نادیارەکان، دۆکیومێنتاریی MAY 13 و کێ دایکمە.

ئای فیلم پاش تەواوبوونی کارەکانی ئەم کورتە فیلمە، دەیەوێت بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی کاری زیاتر، بە گوتەی ئاوارە عومەر، "رێکخراوی ئای فیلم کار بۆ بەهێزکردنی کتێبخانەی سینەمایی کوردی دەکات لە ئاستی تیۆر، بیرۆکە و چیرۆکدا"، هەوڵی سەرەکیی دەدەن فۆرماتێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ دروستکردنی فۆڕم و شووناسی سینەمای کوردی لە هەڵهێنجانی مێتۆلۆجیا و بیری سینەمای رۆژئاواییەوە، هاوتای بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی فیلمی درێژی کوردی، بە شێوازی بودجەی کەم و لە ئاستی بەرهەمە نێودەوڵەتییەکاندا.

هاژە هیوا وەکو بەڕێوەبەری پرۆژە، کاری لەسەر بەرهەمهێنانی کورتە فیلمی خوانی گەورە کردووە و سەفین قانع سیناریۆکەی بۆ نووسیوە و ئێستا سەرقاڵی مۆنتاژکردن و دیزاینکردنی دەنگەکەیەتی.
تاوەکو ئێستا، رێکخراوی ئای فیلم خاوەنی بەنزیکەی 10 کورتە فیلمە بە ناوەڕۆکی جیاوازەوە، لە دیارترینیان:
درەختی گەورە، لە دەرهێنانی سەفین قانع
خوانی گەورە، لە دەرهێنانی تاریق تۆفیق
هەمان شوێن، لە دەرهێنانی هاوژین
کۆڤید 69، لە دەرهێنانی کەریمۆک

ئەمەش لەکاتێکدایە، بە گوتەی تارق رەفیق، رێکخراوی ئای فیلم، سەرقاڵی بیرکردنەوەیە لە بەرهەمهێنانی زنجیرەیەک کاری دۆکیومێنتاریی سەبارەت بە پرسی ئەنفال و بە گوتەی خۆی، "بەشێوەیەکی قووڵ و چڕ" لەسەر ئەم پرسە دەیانەوێت کار بکەن.
رێکخراوی ئای فیلم، رێکخراوێکی سینەمایی ناحکومیی قازانج نەویستە، ساڵی 2021 دامەزراوە، هاوتای بەرهەمهێنانی فیلم و کاری سینەمایی، بەشی فیکر و ئەدەبیات لەخۆدەگرێت و لەڕێگەی وەرگێڕانی کتێبی سینەمایی، کۆڕ و سیمینارەوە کار بۆ بەهێزکردنی کولتووری سینەمایی دەکات.

08/06/2024