بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە: 8 هەزار کەس دەیانەوێت وەکو بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بناسێنرێن

د. ئازاد مستەفا قادر - بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە
د. ئازاد مستەفا قادر - بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە

هەڵەبجە یەکێکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیەکی زۆر بەرکەوتەی چەکی کیمیایی تێدایە و پێویستییان بە دەرمان و چارەسەری بەردەوام هەیە، سەرەڕای ئەوە تەندروستیی هەڵەبجە بەدەست چەندین کێشە و گرفتەوە دەناڵێنێت. لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8 بۆ گرفتەکانی تەندروستیی شارەکە، د. ئازاد مستەفا قادر، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە سەرنجیخستە سەر کۆمەڵێک لە گرفتە سەرەکییەکانی شارەکە.

د. ئازاد مستەفا، ئاماژەی بە سەرەکیترین کەموکوڕییەکانی تەندروستیی هەڵەبجە کرد، گوتی: '' بەگوێرەی ئەوەی هەڵەبجە پارێزگایەکی نوێیە، زۆربەی کەرتەکانی کەموکوڕییان هەیە و تەندروستیش یەکێکە لەو کەرتانەی کە تا ئێستا نەیتوانیوە بەهۆی کەمیی بودجەوە پێویستیی خەڵکەکەی دابینبکات''

سەبارەت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایش لە شارەکە گوتی ''جیا لەوەی کە ناتوانین دەرمان بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دابینبکەین، بەشێکی بەرکەوتووان تاوەکو ئێستا شوناسیان نییە و بە بەرکەوتەی چەکی کیمیایی نەناسێنراون و لەجێگەی ئەوان کەسانێک سوودمەندن کە بەرکەوتەی چەکی کیمیای نیین''

=ئێستا نزیکەی 500 کەس بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە ناسێنراون، ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی 8 هەزار کەس فۆڕمیان پڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی وەکو بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بناسێنرێن و ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەو کەسانەی کە تاوەکو ئێستا شوناسیان نییە ناتوانن بەخۆڕایی لە خزمەتگوزارییەکان سودمەندبن.

هەر لە درێژەی باسەکە د. ئازاد گوتی: بەپارەی خێرخوازی و هاوکاریی وڵاتانی دیکە توانیومانە بەشێک لە پێویستییەکان بۆ چارەخوازان دابینبکەین و کار بۆ ئەوە دەکەین چارەخوازان پێویستیان بەوە نەبێ بچن بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر''

ئێستا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەیە کە چوار سەنتەری گرنگ لە خۆی دەگرێت  کە ئەوانیش سەنتەرەکانی نەخۆشییەکانی چاو، سنگ، پێست و دەروونیین.

د. ئازاد مستەفا سەبارەت بە هێزی مرۆیی بۆ تەندروستیی شارەکە گوتی: ''لە کۆی 808 کەس کە داوامان کردووە دابمەزرێن، تەنیا 134 کەسیان بە گرێبەست بۆ دامەزراندووین کە ئەمەش پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکەمان پڕناکاتەوە.

بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد کە کەمیی توانا مرۆییەکان تاکە هۆکارە بۆ نەبوونی بەشی چاودێریی چڕ لە شارەکە، چونکە هەموو پێداویستییەکان دابینکراون و ئێستا کێشەی سەرەکییان نەبوونی پزیشکی سڕکردن و کارمەندی تایبەتە.

ئاران ئەدیب/خوێندکاری پزیشکیی ددان