سەمیر هەورامى: پێش جەژن مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشدەکرێت

سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان. فۆتۆ: كەناڵ8
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان. فۆتۆ: كەناڵ8

سەمیر هەورامى، گوتەبێژى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند "سەرجەمى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەر لە هاتنى جەژن مووچەى مانگى 5 وەردەگرن".

گوتەبێژى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوە کرد "هەفتەى رابردوو بەشێک لە مووچەى فەرمانبەرانى شارستانى خرایە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لەئەمڕۆوە دەستکرا بە دابەشکردنى مووچەى خانەنشینان و کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان".

گوتیشى "بڕیارە ئەمڕۆ پارەى تەواوکاریى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراقەوە بخرێتە سەر هەژمارى بانکى وەزارەتى دارایى و ئەوکات دەستبەجێ لیستى مووچە رادەگەیەنرێت".

لەبارەى مووچەى هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، سەمیر هەورامى ئاماژەى بەوە کرد "لیستى ناوى هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بۆ بەغداد نێردراوە بۆ خەرجکردنى مووچەى مانگى نیسان و ئایار".

گوتیشى "پێش جەژنى قوربان سەرجەمى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان مووچە وەردەگرن".

روونیشیکردەوە "رەنگە بۆ هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بەر لە هاتنى جەژنى قوربان مووچەى مانگەکانى نیسان و ئایار دابەش بکرێت".

لێدوانەکە لەکاتێکدایە شەوى رابردوو وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا دەستپێکردنى دابەشکردنى مووچەى مانگى ئایارى راگەیاند و ئاماژەى بەوە کرد "بڕی 107 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خراوەتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و رۆژی یەکشەممە، 9ـی حوزەیران مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان و زیندانیانی سیاسی دابەشدەکرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "دوای گەیشتنی تەمویلی وەزارەت و دامودەزگاکانی دیکە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، راستەوخۆ خشتەی مووچەی ئەو دامودەزگایانەش رادەگەیەنرێت".