زانکۆی ئۆکسفۆرد پەیکەرێکی دێرین دەبەخشێتەوە بە هیندستان
لەسایەی فشاری حکومەتە جیاوازەکان بۆ گەڕاندنەوەی پارچە مێژوویی و کەلەپوورییەکان، زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی، سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ گەڕاندنەوەی یەکێک لە پەیکەرە دێرینەکانی وڵاتی هیندستان، کە ماوەی دەیان ساڵە پاراستوویەتی.
بە گوتەی راگەیاندنی مۆزەخانەی ئاشمۆلیان لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، ئامادەکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەی پەیکەرێکی ئاینیی وڵاتی هیندستان دەستیپێکردووە، کە تەمەنی 500 ساڵە و گوزارشتە لە پیاوێکی ئاینیی دەکات.
بە گوتەی ئەنجوومەنی زانکۆی ئۆکسفۆرد، ئەم پارچە مێژووییە ساڵی 1967 لە زیادکردنێکی خانەی سۆسەبییدا کڕیویانەتەوە و خاوەندارێتیی دەکەن، بەڵام بڕیارەکە گەڕاندنەوەیەتی بۆ هیندستان.

ئەم پەیکەرە لە برۆنز دروستکراوە، بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، سەرەتا لە پەرستگەیەکی وڵاتی هیندستان دزراوە و بەقاچاغ بەرەو ئەوروپا براوە.
گەڕاندنەوەی ئەم پەیکەرە مێژووییە، لە سایەی فشاری حکومەتە جیهانییەکاندایە بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تێکڕای ئەو پارچانەی لە قۆناغی ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیاڵیزمی رۆژئاواییدا دزراون.
گەڕاندنەوەی ئەم پەیکەرە لەکاتێکدایە، زانکۆی ئۆکسفۆرد لەژێر فشارەکاندا بڕیاری گۆڕانکاریی داوە و هەوڵ دەدات ئەو پارچانە بگەڕێنێتەوە بۆ شوێنە رەسەنەکانیان، دوو ساڵ لەمەوبەر، زانکۆکە 100 پارچەی برۆنزیی رادەستی حکومەتی نایجیریا کردەوە، کە ساڵی 1897، لەمیانی داگیرکردنی شارێکی ئەم وڵاتە لەسەر دەستی سەربازە بەریتانییەکان دزرابوون.
11/06/2024