حەماس: ئامادەین بۆ رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە

دیمەنی وێرانكارییەكان لە شاری نان یونسی كەرتی غەززە. فۆتۆ: AFP
دیمەنی وێرانكارییەكان لە شاری نان یونسی كەرتی غەززە. فۆتۆ: AFP

وەزیرانی دەرەوەی قەتەر و میسر کە ناوبژیوانیی حەماس و ئیسرائیل دەکەن، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایانکردووە، بزووتنەوەی حەماس، هەرچەندە تێبینی لەسەر ناوەرۆكی پێشنیازە نوێیەکەی ئاگربەست هەبووە، بەڵام بەڵێنیداوە بە ئەرێنی پێشوازیی لێبکات و ئامادەیشی دەربڕیوە بۆ راگرتنی تەواوەتی جەنگ.

ئوسامە حەمدان، بەرپرسی باڵای حەماس بە کەناڵی فەرمی لوبنانی راگەیاندووە، هەندێک تێبینییان لەسەر پێشنیازەکە رادەستی ناوبژیوانان کردووە و چاوەڕێدەکەن بە ئەرێنی وەڵامبدرێتەوە.

لەبارەی ئەو تێبینییانەی حەماس پێشکەشی کردووە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، حەماس داوایکردووە وادەی راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لەغەززە دەستنیشانبکرێت.

هاوکات، جۆن کێربی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، وەڵامەکەی حەماسیان پێگەیشتووە و هەڵسەنگاندنی بۆدەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بە 14 دەنگی ئەندامان، پشتیوانیی جێبەجێکردنی پێشنیازی نوێی ئاگربەستی غەززەی کرد و داواشی کرد ئیسرائیل کێشەی بۆ دروستنەکات.

دوای ئەو هەنگاوەش، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی ئاڕاستەی حەماس کرد و رایگەیاند، هەڵوێستەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی پیشانیدا جیهان پشتیوانی پێشنیازە نوێیەکەی ئاگربەست دەکات.