سوپەرمان... پیاوێک لە پۆڵا و دڵێک لە تینی خۆر
لە جیهاندا، هەوادارانی سینەما و پاڵەوانە سەروو سروشتییەکان، ڕێکەوتی 12ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک، ستایشی کارەکتەر سوپەرمان دەکەن، کە یەکێکە لە دیاریترین کەسایەتییەکانی جیهانی ئەدەب و هونەر.
سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو دەرکەوتووە
بۆ یەکەم جار کارەکتەری سوپەرمان ساڵی 1933 لەسەر دەستی نووسەر "جۆ شوستەر" و هونەرمەند "جێری سیگێل" دروستکراوە، وەکو کارەکتەری زنجیرە کتێبی کۆمیک چیرۆکەکانی سەریانهەڵداوە و یەکەم بڵاوکراوەی لە ساڵی 1938 بڵاوبووەتەوە.

کاریگەرییەکانی بەردەوامن لەسەر ئەدەب و هونەر
بەنزیکەی 100 ساڵە، ئەم کارەکتەرە بەشێوەیەکی بەردەوام، کاریگەریی لەسەر ئەدەب و هونەر دروستدەکات، توانیویەتی ببێت بە دیارترین پاڵەوانی سەروو سروشتیی ناو فیلم و گێڕانەوەکان، هاوتای یارییە ئەلیکترۆنییەکان و جیهانی ئەدەبی خەیاڵی.
چیرۆکەکەی چییە؟
چیرۆکی سوپەرمان بەو جۆرە دەستپێدەکات کە: کەسایەتییەکی نەبەز و منداڵ، بەناوی سوپەرمان، لە هەسارەی کریپتۆنەوە ڕوو لە زەوی دەکات، سوپەرمانی منداڵ، لەسەر دەستی دوو کەسایەتیی: جۆناسان و مارسا لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە و بەخێودەکرێت، لە شارۆچکەی سماڵڤیڵ دەگیرسێتەوە و لەگەڵ گەورەبوونیدا و لە سایەی توانا سەرسوڕهێنەرەکانیەوە، بەرەنگاری پیاو خراپەکان دەبێتەوە و کار دەکات بۆ نەهێشتنی تاوان.

هەواداری زۆری هەیە
بەشێوەیەکی گشتی و لە ئاستی ناوەندە سینەمایی و تەلەڤیزیۆنییەکاندا، سوپەرمان بەنزیکەی 100 جار لە بەرهەمی جیاوازدا دەرکەوتووە، ئەم کەسایەتییە لە زنجیرە فیلمەکاندا گەورەترین ڕۆڵی پێدراوە و توانیویەتی بنکەیەکی فراوان لە هەوادارە سەرسەختەکانی چیرۆکی پاڵەوانە سەروو سروشتییەکان لەخۆی کۆبکاتەوە.

زنجیرە فیلمەکانی سوپەرمان تاوەکو ئێستا، بەم شێوەیەی خوارەوەن:
Superman (1978)
Superman 2 (1981)
Superman 3 (1983)
Superman 4: The Quest for Peace (1987)
Superman Returns (2006)
Man of Steel (2013)
(Superman (2025
بەگوێرەی ڕا و بۆچوونی ڕەخنەگر و بینەران تێکڕا، بەشی یەکەمی زنجیرە فیلمی سوپەرمان باشترینی زنجیرەکەی خۆیەتی و بەشی چوارەمیش لە کۆتایی ریزبەندەکەدایە و خراپترینە.
ڕۆڵی سوپەرمان لە چەندین فیلمی جیاوازی دیکەشدا دەرکەوتووە، لەوانە: بەرەنگاربوونەوەی کارەکتەری باتمان لە فیلمی Batman Vs Superman: Dawn of Justice (2016) و فیلمەکانی جەستس لیگ.

تواناکانی چین؟
کارەکتەری سوپەرمان لە جیهان و گەردوونی "DC" ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت، یەکێکە لە باشترینەکانی ئەم جیهانە، ئەوەی کە سووپەرمان لەوانی دیکە جیادەکاتەوە، بریتییە لەم تایبەتمەندییانە:
فڕین
هەناسەی بەفرین
خێراییەکی زۆر
چاوی ئاگرین
توانای هەڵمژینی وزەی خۆر
کە توانیویەتی لەڕێگەی ئەم توانایانەوە، ببێت بە یەکێک لە نەبەزترین پاڵەوانە سەروو سروشتییەکان و لە زۆرینەی ڕووداو و گرفتەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا