تەواوى زانیارییەکان سەبارەت بە ژیریی دەستکردی ئەپڵ
لە کۆنفڕانسی جیهانی گەشەپێدەرانی کۆمپانیای ئەپڵ، وەک چاوەڕواندەکرا، یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییە زیادکراوەکان، بۆ بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ ژیریی دەستکردبوو. زۆر دەنگۆ هەبوو، زۆر قسەش دەکرا، کە ئایا ئەپڵ لەگەڵ کام کۆمپانیا رێکدەکەوێت و مۆدێلی ژیریی دەستکردی کام کۆمپانیا بەکاردەهێنێت. لە کۆتاییشدا بینیمان، کە ئەو دەنگۆیانەی باسیان لە دانوستانەکانی ئەپڵ لەگەڵ کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای دەکرد راست دەرچوون.
کۆمپانیاى ئەپڵ ئاشکرایکرد، خزمەتگوزارییەکانى چات جی پی تی ئۆپن ئەی ئای لە ئامێرەکانیدا بەکاردەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند تایبەتمەندییەک بەناوی ئەپڵ ئینتێلێجێنس یاخود ژیریی دەستکردی ئەپڵ کە تایبەتە بە کۆمپانیای ئەپڵ بڵاوکردەوە.

لە گرنگترین تایبەتمەندییە زیادکراوەکانی ژیریی ئەپڵ بۆ ئای ئۆ ئێس 18 ئەمانەن.
نۆتیفیکەیشنی کەسیی: ئەپڵ لەمەوبەدوا تێدەگات کە کام لە نۆتیفیکەیشنەکان بۆتۆ گرنگن، بۆ ئەوەی بێزار نەبیت دەتوانیت تایبەتمەندییەک هەڵبژێریت، کە تەنها ئەو ئاگادارکردنەوانەت بۆبێت کە گرنگن بۆت و پەیوەستن بە خۆتەوە.
باشترکردنی نوسین: ئەپڵ پشتگیریت دەکات لەکاتی نوسیندا و لە سەرتاسەری سیستمەکەیدا هەڵە رێزمانییەکانت بۆ راستبکاتەوە و یارمەتیت دەدات لە نوسینەکەتدا وشەی گونجاو و باشتر بەکاربهێنیت، دڵنیاشت دەکاتەوە کە نامە و ئیمێڵەکانت بە راست و دروستی نوسیوە، ئیتر لە هەر ئەپڵیکەیشنێکدابێت.
بەرهەمهێنانی وێنە: ژیریی ئەپڵ دەتوانێت، وێنە بە ژیریی دەستکرد دروستبکات بە سوودوەرگرتن لە گەلەری وێنەکانت، هاوشێوەی پلاتفۆڕمەکانی دیکەی دروستکردنی وێنە بە ئەی ئای، وێنەکانی ئەپڵ سێ جۆر دەبن، سکێچ، ئیلەسترەیشن و ئەنیمەیشن.
کارکردن لە ناو ئەپەکان: ژیریی ئەپڵ دەتوانێت قووڵ ببێتەوە لە ناو ئەپەکانت و ئەرکەکان لەبری تۆ جێبەجێ بکات، یەکێک لەو نمونانەی لە ئیڤێنتەکەی ئەپڵدا ئاماژەی پێکرا، کەسێک داوا لە ژیریی ئەپڵ دەکات، کە ئەو فایلانەی بۆ رابکێشێت کە ماوەیەک لەمەوبەر هاوڕێیەکی بۆی ناردووە، ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە ژیریی ئەپڵ دەتوانێت کارلێکی قوڵ لەگەڵ ئەپەکاندا بکات و لە داواکارییەکانت تێبگات.
تێگەیشتن لە تایبەتمەندی کەسیی: یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ژیری ئەپڵ ئەوەیە، کە ئاگاداری ئەو چالاکییانەتە کە دەتەوێت ئەنجامی بدەیت، بۆ نمونە، دەتوانێت پێت بڵێت کە ئەو کۆبونەوەیەی بڕیارە بۆی بچیت کاتەکەی دواخراوە و لێیبپرسیت ئایا ئەگەر لەوکاتەدا بچم هیچ دیدارێکی دیکەم لەدەست دەچێت یان نا ئەویش تێدەگات لە بارودۆخی تۆو پێدەڵێت کە چی بکەیت باشە.
(جێن مۆجی): بەکارهێنەران ئێستا دەتوانن هەر ئیمۆجییەک کە خۆیان دەیانەوێت و لە کیبۆردی ئیمۆجییەکانیاندا نییە دروستیبکەن بە ژیریی ئەپڵ.هەروەها دەتوانن ئیمۆجی لەسەر شێوازی روخساری هاوڕێکەشیان دروستبکەن بە پێدانی وێنەیەکی هاوڕێکەیان.

سیری: یارمەتیدەرە دەنگییەکەی ئەپڵ، پێشبینی دەکرا کە یەکێک بێت لەو تایبەتمەندییانەی بە ژیریی دەستکرد بەهێزبکرێت، ئەپڵ لە ئیڤێنتەکەدا رایگەیاند، کە ئایکۆنی سیری گۆڕاوە و لەمەوبەدوا بە شێوازێکی دیکە دەردەکەوێت، بۆ نمونە کاتێک قسەی لەگەڵدادەکەیت رێگات پێدەدات لە هەمانکاتدا مۆبایلەکەت بەکاربهێنیت. سیری توانای وەڵامدانەوەی هەزاران پرسیاریدەبێت، کە سەبارەت بە ئایفۆنەکەت هەتبێت و هەنگاو بە هەنگاو فێرکاریت دەداتێ، لەگەڵ ئەمەشدا توانای کارلێکی لەگەڵ تەواوی ئەپلیکەیشنەکانتدا دەبێت، بەنمونە لەکاتی خوێندنەوەی بابەتێک، دەتوانێت پێیبڵێیت کە ئەم بابەتە بنێرێت بۆ گروپی هاوڕێکانت لە ئەپلیکەیشنی وەتسئاپ ئەویش راستەوخۆ دەینێرێتە گروپی هاورێکانتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا دەتوانێت سیری وەک چاتبۆتی چات جی پی تی بەکاربهێنیت و راستەوخۆ پرسیاری لێ بکەیت و ئەویش بە چات جی پی تی وەڵامت بداتەوە، بێگومان ئەم تایبەتمەندییە خۆویستانەیە و دەتوانیت یان ژیریی ئەپڵ هەڵبژێریت یاخود چات جی پی تی.
12/06/2024