ویڵیام ییتس... لە دیارترین شاعیرانی ئێرلەندایە

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ویڵیام بەتڵەر ییتس، براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب، ڕێکەوتی 13ی حوزەیرانی 1865 لە شاری دوبلنی ئێرلەندا لەدایکبووە.

هەستی نیشتمانیی نەتەوەی ئێرلەندا پیشاندەدات

لە سایەی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات و لە گۆشەنیگای ڕەخنەگرانی ئەدەبدا، ویڵیام ییتس خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندە لە بیرۆکە شیعرییەکان، هەمیشە توانیویەتی کاریگەریی لەڕێگەی بەرهەمەکانیەوە دروستبکات، خاوەنی فۆڕمێکی باڵای هونەرییە کە توانیویەتی هەستی ڕاستەقینەی نەتەوەیەک پیشانبدات.

لە سرووشتەوە کاریگەریی وەرگرتووە

ویڵیام بەتڵەر ییتس، لە خێزانێکی هونەرییدا پەروەردە بووە، هاوینان لە سرووشتی شاری دوبلن ژیاوە و ڕۆحی تێکەڵی ژینگەی سرووشتی بووە، ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دروستکردووە بۆ بوون بە شاعیرێکی بەرەوپێشچوو و پێگەیشتووە، لەڕێگەی ئەزموونکردنی عیرفانیەت، سیمبولیزم، ڕۆحگەرایی و زانستی پیشەسازییەوە، پاشخانێکی دەوڵەمەندی پەیداکردووە بۆ گوزارشتکردن لە هەستە ڕاستەقینەکان.

ییتس، کارێکی گەورەی لەسەر فۆلکلۆر و بەها و نەریتەکان کردووە، بەمەش بووە بە پایەیەکی گەورەی ئەدەبیاتی ئێرلەندی و ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ دامەزراندنی ڕەوتی ڕێنەسانسی ئەدەبی وڵاتەکە.

ساڵی 1887 ساڵی یەکەم دەرکەوتنی ییتس بووە وەکو شاعیر، بەڵام لە قۆناغی سەرەتای دەرکەوتنیدا، بەرهەمهێنانی درامیی سەنگ و قورساییەکی گەورەتریان هەبووە بەراورد بە کارە شیعرییەکانی، هاوتای لەیدی گریگۆری، دامەزرێنەری شانۆی ئێرلەندی بووە، کە ناوەڕۆکی شانۆییەکانی سەبارەت بە داستان و ڕۆحگەرایی و عیرفانییەتی ئێرلەندی بووە، پاش ساڵی 1910، شیعرەکانی ڕەوتێکی تاقیکاریی و شاعیرانەیان گرتووەتە بەر و ڕەگەزی نوێیان تێدا دۆزراوەتەوە، لەوانە ماسک و سەما و موزیک، کە تێکڕا کاریگەر بوون بە شانۆی نەریتیی "نۆ"ی ژاپۆنی، ییتس لەماوەی کۆتا 20 ساڵی ژیانیدا، تێکڕای کاتەکانی خۆی بۆ شیعر تەرخان کردووە و وەکو یەکێک لە مەزنترین شاعیرەکانی ئێرلەندا ناوی تۆمارکراوە.

لەماوەی 74 ساڵی ژیانیدا توانیویەتی زیاتر لە 30 کۆمەڵە شیعریی بڵاوبکاتەوە، لە دیارترینی بەرهەمەکانی بریتین لە:

The Song of Wandering Aengus
The Second Coming
Sailing to Byzantium
Leda and the Swan

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا