ڕەشۆڵ.. لە دیارترین ئەو هونەرمەندانەیە مەقامیان پاراستووە
ڕەشید حاجی عەبدوڵڵا میرزا عەزیز، ناسراو بە ڕەشۆڵ، هونەرمەندێکی دیار و نوسراوی کوردستانە، خاوەنی دەنگێکی بەسۆز و کاریگەر بووە، ڕێکەوتی 14ی تەمموزی 1974 کۆچی دوایی کردووە.
لە بنەماڵەیەکی دیاری سلێمانی بووە
ڕەشۆڵ. ساڵی 1912 لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە، سەر بە بنەماڵەیەکی دیاری سلێمانی بووە؛ باوکی بازرگان بووە و لەنێوان کوردستان و شارەکانی ڕووسیا کاری کردووە، لە سەردەمی لاوێتییەوە تێکەڵاوی جیهانی هونەر و گۆرانی بووە و ئاشنایەتیی لەگەڵ مەقام پەیداکردووە.

لە بەغداد گۆرانی تۆمارکردووە
بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، هاوشانی مەلا کەریمی هونەرمەند و عومەر قەزازی بریکاری قەوان لە سلێمانی، ڕوویان لە شاری بەغداد کردووە و چەند گۆرانییەکیان لەسەر قەوان تۆمارکردووە، قۆناغی بەناوبانگبوونیشی وەکو مەقامبێژ، دەگەڕێتەوە بۆ کردنەوەی ڕادیۆی کوردیی بەغداد و لەڕێگەی پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیەوە لەم ڕادیۆیەدا، ناسراوە و ناوبانگی پەیداکردووە.
شارەزای مەقام بووە
ڕەشۆڵ بە هونەرەکەی نەژیاوە، کاری کردووە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی، وێڕای کارکردنی بەردەوام، کاری لەسەر بەرەوپێشچوونی هونەریی کردووە و شارەزاییەکی گەورەی لە مەقامەکان هەبووە، لەوانە: ئەفشار، دەشت، قەتار و خاوکەری بەباشیی زانیوە.
هاوتای خۆتەرخانکردنی بۆ هونەر، کوردپەروەر بووە و خەمخۆری نیشتمان بووە، بەشداریی لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد کردووە و لە ڕیزی شۆڕشی ئەیلوولدا پێشمەرگە بووە.

لە دیارترین گۆرانییەکانی ڕەشۆڵ بریتین لە:
ئۆخەی گردەکەی یارە
لە دەریاوە
ناسکە دولبەر
ئاگر بارانە
گوڵاڵە سوورە
ڕێکەوتی 14ی تەمموزی 1974، پاش نەخۆشکەوتن و خراپبوونی دۆخی تەندروستی، لە تەمەنی 62 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و لە دەڤەری چۆمان و حاجی ئۆمەران بەخاک سپێردراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا