پسپۆڕێک: پەڵەی پێست چارەسەری هەیە

د. کەژوەست کەسنەزانی - پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست
د. کەژوەست کەسنەزانی - پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست

پەڵەی پێست، گرفتێکی باوە و خەڵکێکی زۆر بەدەستییەوە دەناڵێنن. سەرەڕای ئەوەی کە پەڵەی پێست جۆر و هۆکاری زۆرە، بەڵام لەوانەیە ئاساننەبێت بۆ هاونیشتمانییان جۆرە جیاوازەکانی پەڵە بناسنەوە. پزیشکێکی کورد باس لە جۆرەکانی پەڵە دەکات و کۆمەڵێک چارەسەر دەخاتەڕوو.

د. کەژوەست کەسنەزانی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست، لەڕێگەی کەناڵ8ەوە باسی لە رەنگی پێست کرد و گووتی کە رەنگی پێست لەلایەن بۆیەی میلانینەوە دیاریدەکرێت، ئەوانەی کە رەنگی پێستیان تۆخە، بۆیەی میلانین زیاتر لەناو خانەکانی پێستیاندا دەردەدرێت.

"کاتێک کەسێک پەڵەیەک لە پێستیدا پەیدادەبێت، هۆکارەکەی زیادبوونی رێژەی بۆیەی میلانینەوە لەو شوێنەی پێستی کەسەکەدا."

بەگوێرەی گوتەکانی پزیشکە پسپۆڕەکەی پێست، پەڵەی پێست لە وەرزی هاویندا و لە گەرمادا باوترە.

جۆرەکانی پەڵەی پێست چین؟

د. کەژوەست پەڵەکانی پێستی دابەشکرد بەسەر سێ جۆرە، ماڵەی کاتی دووگیانی، پەڵەی تەمەن و پەڵەی زەبر.

"ماڵەی کاتی دووگیانی بەهۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکان لە دووگیانیدا، یان بەهۆی دەرمانەکانی رێگریکردن لە دووگیانی دروستدەبێت کە زیاتر رووخسار دەگرێتەوە. ئەم جۆرەی پەڵە زیاتر لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە ئەسمەرن و بڕێکی زۆر لە هەتاویان بەردەکەوێت"

هەرچی پەڵەی تەمەن "لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا بەهۆی زۆر بەرکەوتنی هەتاو، لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە پێستیان سپییە"

پەڵەی زەبریش لەدوای زیپکە دەردەکەوێت، بەهۆی زیانگەیشتن بە پێستی کەسەکە.

ئەم جۆرە پەڵانە دەکرێت نائاسایی بن؟

جۆرە جیاوازەکانی پەڵەی پێست، دەکرێت دوای ماوەیەک خۆیان نەمێنن؛ بۆنموونە پەڵەی کاتی دووگیانی یان دەرمانی رێگریکردن لە دووگیانی، دوای شەش مانگ لە لەدایکبوونی منداڵەکە، یان وەستاندنی دەرمانەکانی رێگریکردن نامێنێت.

پەڵەی زەبر، دوای شەش مانگ بۆ ساڵێک نامێنێت. خۆ ئەگەر ئەم پەڵانە لەو ماوەیە زیاتر بەردەوامبوون، وا باشە چارەخوازەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات بۆئەوەی هۆکاری پەڵەکانی بزانێت و چارەسەریان بکات.

پەلە رێگری لێ دەکرێت؟

یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی دروستبوون یان زیادبوونی پەڵە، بەرکەوتنی زۆرە بە هەتاو. بۆیە خۆپاراستن دژی هەتاو دەکرێت یەکێک بێت لە رێگە کاریگەرەکانی خۆپاراستن.

بۆ ئەم مەبەستە، گرنگە هاونیشتمانییان لە کاتی چوونەدەردا دژەخۆر بەکاربهێنن و هەموو دوو کاتژمێرێکیش دژەخۆرەکەیان نوێبکەنەوە؟

تایبەتمەندیی دژەخۆر چی بێت؟

د. کەژوەست کەسنەزانی، باسی لەوە کرد کە گرنگە دژەخۆر SPFـەکەی لە سەروو 30 بێت.

"پێویست ناکات هاونیشتمانییان پەناببەنە بەر دژەخۆرێک کە SPFـەکەی 50 یان 90ـە، چۆنیەتیی بەکارهێنانی دژەخۆر و نوێکردنەوەی زۆر گرنگترە لە بەرزیی SPF"