حەماس: رازین بە داواکارییەکەى ئەمریکا بۆ ئاگربەست

کەناڵ8 17/06/2024

سەرۆکى مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەى حەماس رایگەیاند، ئەوان هاوڕان لەگەڵ داواکارییەکەى جۆو بایدن سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بۆ پرسی ئاگربەست لە غەززە.

ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسی بزووتنەوەى حەماس لە پەیامێکدا بەبۆنەى جەژنى قوربان رایگەیاند، وەڵامی حەماس بۆ دوایین پێشنیازەکەی ئاگربەست لە غەززە هاوتایە لەگەڵ داواکارییەکانى ئەمریکا.

هەنیە لە درێژەى گوتەکانى ئاماژەى بەوەکرد، حەماس و گرووپەکانى دیکە لە فەلەستین، ئامادەن رێککەوتنێکى گشتگیر بکرێت، کە خۆى ببینێتەوە لە ئاگربەست و کشانەوە لە غەززە و دووبارە بنیاتنانەوەى شارەکە و ئاڵوگۆڕى بارمتەکانیش لەخۆ بگرێت.

پێشتر جۆو بایدن، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا رایگەیاند، پێشنیازى ئاشتى دەکەن بە سێ قۆناغ، ئەوانیش ئاگر بەستى هەمیشەیی، ئاڵوگۆڕى بارمتەکان، ئەوانەى لەلاى بزووتنەوەى حەماسە و ئەوانەشى کەلەلاى سوپاى ئیسرائیلە.

لەپاڵ ئەمریکا، هەریەکە لە میسر و قەتەر لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا نێوەندگیری دەکەن و بەردەوامن لە هەوڵەکان تاوەکو ئاگربەست لە غەززە رابگەیەندرێت، کە پیشتر ئیسرائیل داواکارییەکەى ئەمریکاى رەتکردبووەوە.

هەوڵى وڵاتان بۆ ئەوەیە کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانى خۆیان کە ئێستا بەهۆى شەڕ و پێکدادانەکان ناوچەکانیان بەجێهێشتووە.

کەناڵ8

17/06/2024