لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە

ئەنجامدانی نوێژی جەژن لە کەربەلا
ئەنجامدانی نوێژی جەژن لە کەربەلا

ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە لەلای زۆرینەی شوێنکەوتووانی ئاینزای شیعە لە جیهاندا، ئەوەش لەکاتێکدایە کە شوێنکەوتووانی رەوتی سوونە لە زۆرینەی وڵاتانی موسڵمان دوێنیان کردە یەکەم رۆژی جەژن و سروتە ئاینییەکانیان دەستپێکرد.

رۆژی 8ی حوزەیرانی رابردوو، نوسینگەی ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە جیهان، رۆژی 17ی حوزەیرانی وەکو یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دەستنیشانکرد، بەوشێوەیە سەرجەم شوێنکەوتوانی ئاینزای شیعە پابەندبوون بەو فەتوایە.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە گوتاری نوێژی جەژندا، سەید مورتەزا قەزوینی، پێشنوێژ و گوتارخوێن لە شاری نەجەف، داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەوڵەکانی زیادبکات بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییە گرنگەکان بەتایبەتی کارەبا، هەروەها کارکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی بێکاریی.

قەزوینی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا داوای لە سەرکردەی هێزە سیاسییەکانی عێراق کرد، یەکڕیزبن و جیاوازییەکانی نێوانیان تێپەڕێنن و گوتی: "لەکاتێکدا دڵخۆشی خۆمان بە هاتنی جەژنی قوربان رادەگەیەنین، لەهەمان کاتدا دڵمان پڕە لە خەمی کارەسات و کێشەکانی وڵاتانی دیکەی ئیسلامیی بەتایبەتی لە یەمەن، فەلەستین و سودان".

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرینەی دانیشتوانی، کە دەکاتە نزیکەی 80% شیعە مەزهەبن، لەو وڵاتە بە فەرمی رۆژی دووشەممە وەک یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاریکراوە.

نزیکەی 60% دانیشتوانی عێراقیش پەیڕەوی مەزهەبی شیعە دەکەن، بۆیە لەم بەشەی عێراق رۆژی دووشەممە وەک یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاریکراوە.

جگە لە عێراق و ئێران، موسڵمانانی شیعە مەزهەب، لە هەریەک لە وڵاتانی یەمەن، سووریا، لوبنان، بەحرەین، پاکستان و ئازەربایجان، بەرێژەی جیاواز هەن، لەو وڵاتانەش موسڵمانانی شیعە مەزهەب، ئەمڕۆ مەراسیمە ئاینییەکانیان لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا دەستپێکرد.