خامنەیی بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ 2600 زیندانیی دەرکرد
ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران ئاشکرایانکرد، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران وەکو رێزگرتنێک لە بۆنەکانی جەژنی قوربان و غەدیر، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ زیاتر لە 2600 زیندانیی لە وڵاتەکەیدا دەرکردووە.
بەگوێرەی بڕیارێکی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، کە ئاژانسی میهری ئێران بەشێکی لێ بڵاوکردووەتەوە، بڕیاری لێخۆشبوونەکە 2650 زیندانیی لێی سوودمەند دەبن، کە تاوانی جۆراو جۆریان لە ساڵانی رابردوودا ئەنجامداوە و لە زیندانەکانی ئێراندان.
بڕیارەکەی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وەڵامی داخوازیی نامەیەکی موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بووە کە لەماوەی رابردوودا داوایکردبوو بڕیاری لێبووردن، کەمکردنەوەی ماوەی سزا و گۆڕین و سوککرندی سزا بۆ ژمارەیەکی زۆری زیندانیان دەربچێت.
لەلایەن شوێنکەوتووانی ئاینزای شیعە، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و بڕیارە 17 رۆژی دیکە جەژنی ئەلغەدیر لەلایەن شیعە مەزهەبەکانەوە بەڕێوەبچێت، کە یەکێکە لە رۆژە پیرۆزەکان و لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکان پشووی فەرمییە.
17/06/2024