شەکرەی دووگیانیت بیستووە؟

سێ مانگی سەرەتای دووگیانی ماوەیەکی هەستیارە و دەبێت خانمان لە هەندێک جۆری خواردن بەدووربن
سێ مانگی سەرەتای دووگیانی ماوەیەکی هەستیارە و دەبێت خانمان لە هەندێک جۆری خواردن بەدووربن

شەکرەی دووگیانی جۆرێکی دیکەیە لە نەخۆشییەکانی شەکرە کە لە ماوەی دووگیانیدا دێتەئاراوە و دەشێت کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تەندروستیی کۆرپەلە و دایکەکە بەجێبهێڵێت.

لە کاتێکدا ئەم بارودۆخە خراپ و نەخوازراوە، بەڵام ئاسۆیەکی روون بۆ چارەسەر بەدیدەکرێت. لە ماوەی دووگیانیدا خانمان دەتوانن لە رێگەی پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکیی تەندروست و ئەنجامدانی راهێنانی گوونجاوەوە ئاستی شەکر لە جەستەیاندا کۆنترۆڵ بکەن و خۆیان لە تووشبوون بەم حاڵەتە بپارێزن. هاوکات دەشێت لە بارودۆخە پێویستەکاندا لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕدا دەرمان وەربگرن، بە مەبەستی جڵەوکردنی ئاستی شەکر لە جەستەیاندا. ریکخستنی ئاستی شەکر هۆکارێکە بۆ پاراستنی تەندروستیی دایک و کۆرپەلە.

ئەگەر رووبەڕووی شەکرەی دووگیانی ببیتەوە، بەگشتی لە پاش تەواوبوونی ماوەی دووگیانی ئاستی شەکر لە لەشدا دەگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی خۆی، بەڵام لە ماوەکانی پاش دووگیانیدا ئەگەری تووشبوونت بە شەکرەی جۆری دوو زۆر زیاترە بەراورد بە کەسێکی ئاسایی، هەر بۆیە پێویستە بە ئاگاییەکی تەواوەوە خواردنەکان هەڵبژێریت و رەچاوی ئاستی شەکر لە لەشدا بکەیت، تاوەکو مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو کەمبکەیتەوە.

نیشانەکان

بەشی زۆری حاڵەتەکانی شەکرەی دووگیانی، نابنەهۆی سەرهەڵدانی نیشانەی ئاشکرا و بینراو، بەڵام بەگشتی لە کاتی تووشبوون بە شەکرەی دووگیانیدا، رێژەی میزکردن زیاددەکات. لە کاتی گومان و دوودڵیدا، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، دەشێت پشکنینی ئاستی شەکر ئەنجامبدرێت.

چ کاتێک پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

لە ماوەکانی پێش دووگیانبووندا، واتا کاتێک بڕیاری دووگیانی دراوە، گرنگە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، چونکە پزیشکەکە بە تێگەیشتن لە بارودۆخی ئێستای خانمەکە، بە دیاریکراوی لە رێگەی وردبوونەوە لە بەرنامەی خۆراکیی رۆژانەی خانمەکە و کۆمەڵێک فاکتەری دیکەوە، دەتوانێت پێشبینی ئەگەری تووشبوون بە شەکرەی دووگیانی لە ماوەکانی داهاتوودا بکات. هاوکات لە ماوەکانی دووگیانیدا پزیشکی راوێژکار بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە دەکات و لە کاتی پێویستدا پشکنینی شەکرە ئەنجامدەدات. بەم جۆرەش دەتوانرێت تەندروستیی دایک و کۆرپەلە لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بپارێزرێت.

هۆکارەکان

توێژەران بە دیاریکراوی لە سەرجەم هۆکارەکانی پشت ئەم حاڵەتە تێنەگەیشتوون. بەگشتی لە بارودۆخی ئاساییدا هۆرمۆنە بەرپرسیارەکان لە سووڕی خوێندا بڕی شەکر لە ئاستێکی گونجاودا دەهێڵنەوە، بەڵام لە ماوەی دووگیانیدا ئاستی هۆڕمۆنەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، کە پاراستنی ئاستی شەکر لە سنوورێکی ئاساییدا قورستر دەکات، سەرەنجام دەشێت شەکرەی دووگیانی ببێتەئاراوە. هۆکارە سەرەکییەکانی پشت ئەم حاڵەتە بریتینلە:

  • قەڵەوی
  • کەمیی ئاستی چالاکییە جەستەییەکان
  • بەرزیی ئاستی شەکر لە ماوەکانی پێش دووگیانیدا
  • تووشبوون بەم حاڵەتە لە ماوەکانی پێشووتردا
  • بوونی شەکرەی جۆری دوو لە ئەندامەکانی دیکەی خێزانەکەتدا
  • هەڵکشانی تەمەن بۆ سەرووی 40 ساڵ
  • لە ماوەکانی لەدایکبوونی منداڵەکانی پێشووتردا، کێشی کۆرپەلە لە سەرووی 4.5 کیلۆگرامەوە بووبێت

دەکرێت تووشبوون بەم حاڵەتە کۆمەڵێک گرفتی جۆراوجۆری دیکە بهێنێتەئاراوە:

  • لەدایکبوونی منداڵێک کە كێشی لە سەرووی ئاستی ئاساییەوە بێت
  • لەدایکبوونی پێشوەختەی کۆرپەلە
  • دروستبوونی گرفتی مەترسیدار لە کاتی لەدایکبووندا، تەنانەت رەنگە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لەدایکبوون پێویستییەکی گرنگ بێت
  • دابەزینی ئاستی شەکر لە لەشی منداڵەکەدا لە پاش لەدایکبوونی، کە دەکرێت ببێتەهۆی تووشبوونی بە گەشکە
  • زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو لە ماوەکانی دواتری ژیاندا، چ بۆ کۆرپەلە یاخود دایکەکە

رێگریکردن

سەبارەت بە پرسی پشگیریکردن لەم گرفتە، ناتوانرێت لە 100% سنوورداربکرێت، بەڵام دەکرێت پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکیی تەندروست، لە شەکرەی دووگیانی بتپارێزێت. لە ئەگەری تووشبوون بە شەکرەی دووگیانیدا، چەند رێگەیەک بەدیدەکرێت بۆ کەمکردنەوەی بەرەنجامە نەرێنییەکانی پشت ئەم گرفتە، لەوانەش:

  • خواردنی تەندروست
  • ئەنجامدانی راهێنانی گونجاو
  • هێشتنەوەی کێشی جەستە لە ئاستێکی گونجاودا