وەفایی.. لە دیارترین شاعیرە کلاسیکەکانی کوردە
یەکێکە لە دیارترین شاعیرە کلاسیکەکانی کوردستان، میرزا عەبدولڕەحیمی سابڵاغی، کوڕی مەلا غەفووری کوڕی مەلا نەسڕوڵا، ناسراو بە وەفایی، ساڵی 1844 لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.
قوتابخانەی تایبەتی هەبووە
وەفایی قۆناغی سەرەتایی خوێندنی بە سەرکەوتوویی تەواوکردووە، پاشان دەستی داوەتە خوێندن لە حوجرە و زانستە ئیسلامییەکان فێربووە، هاوتای شارەزایی لە زمانی عەرەبی، لە شاری مەهاباد سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی بڕیوە و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، گەرچی پڕ زانست و زانین بووە سەبارەت بە ئایین، بەڵام خەڵک بە مەلا ناویان نەهێناوە و بە میرزا ناسراوە، هیچ بەڵگەیەک لەسەر مەلایەتیی وەفایی نین، بەڵام خاوەنی قوتابخانەی تایبەت بە خۆی بووە و وانەی بە منداڵ گوتووەتەوە.
لەلای عەبدوڵڵای نەهری بووە
وەفایی جگە لە مەهاباد، لە شارەکانی هەکاری و سلێمانی ژیاوە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەسایەتییە دیارەکانی کورد دروستکردووە، کەسێکی وەکو شێخ عەبدوڵڵای نەهری، کاریگەر بووە بە شیعرەکانی و دەربڕینەکانی بەدڵ بووە، لەخۆی گرتووە و وەفاییش بەردەوام شیعری بۆ خوێندووەتەوە، بەردەستی بووە لە نووسیندا و کاروباری خوێندەواریی بۆ بەڕێوەبردووە.
وەفایی لە ئاستی نووسینی شیعردا یەکێکە لە قەڵەمە دیارەکانی شیعری کلاسیکی کوردی، خاوەنی دەفتەرێکی شیعرییە بەناوی دیوانی وەفایی، کە لەگەڵ مردنیدا بڵاوبووەتەوە.
لە دیارترین شیعرەکانی:
شیرین تەشی دەڕێسێ
گا دەسووتێم گا دەگریێم غەرقی ئاو ئاورم
رۆژی تەڕەب و وەختی گوڵ و فەسڵی بەهارە
پیرەمێرد بە خاکی سپاردووە
لەمیانی گەشتی حەج، وەفایی تووشی نەخۆشی بووە و دوور لە نیشتمان و لە بیابانی شام، ساڵی 1902، لە تەمەنی 58 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، پیرەمێردی شاعیر، ئاماژە بەوە دەدات: بە دەستی خۆی وەفایی بە خاک سپاردووە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا