ئەسیری.. لە شاعیرە شۆڕشگێڕە ناسراوەکانی کوردە
عەبدولخالق حوسێن نەقشبەندی، ناسراو بە ئەسیری، یەکێکە لە شاعیرە دیار و ناسراوەکانی کورد، ڕێکەوتی 18ی حوزەیرانی 1962، لە تەمەنی 72 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
زیرەک و زمانزان بووە
ئەسیری خەڵکی شاری کەرکووکە، ساڵی 1895 لەدایکبووە و لە حوجرەی مزگەوت پەروەردە بووە و قۆناغی سەرەتایی خوێندنی لەسەر زانستە ئایینییەکان بووە، بەمەبەستی فێربوون، ژمارەیەک شاری کوردستان گەڕاوە، لە شارەکانی سلێمانی تاوەکو سەقز و کرماشان، چەندین زانستی جیاواز فێربووە، لەوانە: ڕێزمانی عەرەبی، ڕەوانبێژی، مەنتیق و ئوسوڵی کەلام، پاش تەواوکردنی قۆناغی خوێندن، مۆڵەتی مەلایەتیی لە عەلی حیکمەت سیامەنسووری وەرگرتووە.
نیشتمانپەروەر بووە
لە میانی گەیشتنی بە شاری ئیستانبووڵ و عەبدولقادری شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، بیری نیشتمانپەروەریی و ئەشقی نیشتمان لە هزریدا چەکەرەی کردووە و کاریگەر بووە بەم ڕەوتە، ڕاستەوخۆ وێنەدانەوەی نیشتمانپەروەری لە شیعرەکانیدا دەرکەوتووە.
داوای خوێندەواریی و شۆڕشی کردووە
لەگەڵ نووسینی شیعردا، هەوڵی بەردەوامیداوە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە دروستبکات و هانیان بدات ڕوو لە خوێندن و خوێندەواریی بکەن، ئەسیری بەردەوام لەڕێگەی شیعرەوە داوای یەکێتیی و یەکگرتوویی نەتەوەی کوردی کردووە، لە نێوان ساڵانی 1921 بۆ 1934 لە ترۆپکی نووسینی شیعردا بووە و شۆڕشگێڕانە شیعری نووسیوە، پاش حاجی قادری کۆیی، بە یەکێک لە دیارترین ئەو شاعیرانە هەژمار دەکرێت کە خەباتگێڕی ئەدەبیی بوون.
دیمەنی سرووشت و جوانیی کوردستان، کاریگەرییان لەسەر ئەسیری دروستکردووە، توانیویەتی بەشێوەیەکی شاعیرانە و لێهاتوو، وێنای دیمەنە ناوازەکانی کوردستان بکاتەوە و بە شیعر گوزارشت لە ڕەسەنایەتییەکان بکات.
لە نموونەیەکی شیعرییدا، ئەسیری دەنووسێت:
بێرە کوردستان عەزیزم، گەر تۆ سەیرانت دەوێ
بتبەمە قەندیل، ئەگەر گوڵزاری کوێستانت دەوێ
سەیری ئەو خێڵاتەکە، نشتووتە دامێنی چیا
بابچینە ماڵە گەورە، قەوم و خزمانت دەوێ
ئەسیری خاوەنی دەفتەرێکی شیعرییە بەناوی دیوانی ئەسیری و ساڵی 1962 بڵاوکراوەتەوە.
17/06/2026