پسپۆڕێک: ژمارەی ئەو گەنجانەی تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن زۆر زیادیکردووە
نەخۆشییەکانی دڵ دیاردەیەکی جیهانین، هەر تێکچوونێکی لە چالاکی کارەبایی دڵ، کۆبوونەوەی چەوری لە لوولەکانی خوێندا، یاخود هەر گرفتێکی پەیوەستی دیکە، دەشێت سەربکێشێت بۆ تێکچوونی کار و فرمانی دڵ. پزیشکێکی پسپۆڕ باس لە کۆمەڵێک گرفتی تەندروستیی پەیوەست بە دڵ دەکات.
د. حسێن مراد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ، لە دیمانەیەکی کەناڵ8ـدا گووتی: ”لێدانی دڵ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی لێدانی دڵی کەسێکی ئاسایی لەنێوان 50 بۆ 100 لێداندایە لە هەر خولەکێکدا. بە شێوەیەکی گشتی زۆربەی ئەوانەی لێدانی دڵیان خاو یاخود خێرایە، حاڵەتەکەیان زۆر مەترسیدار نییە، دەشێت بە وەرگرتنی دەرمان یاخود پەیڕەوکردنی کۆمەڵێک ڕێکاری کلینیکیی پێویست، گرفتەکەیان جڵەوبکرێت.“
باتریی کارەبایی دڵ
دانانی باتریی کارەبایی بۆ دڵ، یەکێکە لە پێشکەوتنە مەزن و گرنگەکانی سەردەمی هاوچەرخی مرۆڤایەتی، کە بووەتەهۆی پاراستنی گیانی هەزاران هاوڵاتی لە مەرگ. ئەم ئامێرە وا دەکات چالاکیی دڵ لەو کەسانەدا ئاسایی ببێتەوە کە گرفتیان لە لێدانی دڵ، یاخود سیستەمی کارەبایی دڵدا هەیە.
د. حسێن سەبارەت بە باتریی کارەبایی گووتی: ”هەندێک گرفتی دڵ بەدیدەکرێن کە بە دانانی باتریی کارەبایی چارەسەر دەکرێن. بەگشتی چارەسەرەکە بۆ ئەو کەسانە پەیڕەودەکرێت کە گرفتێکی بنەڕەتییان لە شێوازی لێدان، یاخود چالاکیی کارەبایی دڵدا هەیە. دانانی ئامێرە کارەباییە تایبەتمەندەکان بۆ باشترکردنی فرمان و چالاکیی کارەبایی دڵ، رەنگە بۆ هەموو ساتەوەختەکانی ژیانی کەسەکە پێویست نەبێت. واتا جێگیرکردنی ئامێرەکە تەنها بۆ ساتە پێویستەکانە، دەشێت کەسەکە لە هەموو ژیانیدا تەنها یەک خولەک پێویستی پێیبێت، بەڵام خۆشبەختانە بوونی ئەو ئامێرە لەو خولەکەدا، ژیانی چارەخوازەکە لە مەرگ دەپارێزێت.“
” بەهێزترین بۆکس هێزەکەی 8 جوولە، لە کاتێکدا باتری کارەبایی بە هێزی 30 جوول کارەبا لە دڵ دەدات، بۆیە لە کاتی چالاکبوونی باتریی دڵدا، هێزی کارەبایی ئەم ئامێرە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر چارەخوازەکە دادەنێت، کەسەکە وا هەستدەکات تووشی شۆک بووبێت، یاخود بۆکسێکی توندی بەرکەوتبێت، بەڵام ئەم حاڵەتە جێی مەترسی و دوودڵی نییە.“
بەکارهێنەرانی باتریی کارەبایی چی لە ژیانیان بگۆڕن؟
”پێویستە لە ماوەی دوو مانگی یەکەمی پاش دانانی ئەم ئامێرەدا، کەسی چارەخواز زۆر بە وریاییەوە مامەڵەبکات، نابێت شوێنی دانانی ئامێرەکە تەڕببێت. هاوکات دەبێت کەسەکە جووڵەی زۆر بە دەستی نەکات، تاوەکو تووشی خوێنبەربوون نەبێت. لەلایەکی دیکەشەوە، دەبێت خۆی بپارێزێت لە تووشبوون بە هەوکردنی بەکتریا و ڤایرۆسی.“
چۆن دڵێکی تەندروستمان هەبێت؟
خەو، خواردن و وەرزش، یەکێکن لە سەرەکیترین کۆڵەکەکانی تەندروستیی مرۆڤ. ریکخستنی ئەم سێ لایەنە بە شێوەیەکی رێکخراو، وا دەکات بەگشتی تەندروستییەکی باش و خوازراومان هەبێت و دڵ درێژە بە فرمانی ئاسایی خۆی بدات. لەلایەکی دیکەشەوە، پەیوەست بە تەندروستیی دڵ، گرنگە بیرکردنەوەیەکی ئەرێنی و باشمان هەبێت. بێگومان تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتیش هۆکارە بۆ مانەوەی دڵ بە تەندروستی.
”زیادبوونی تەمەن هاوتەریبە لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵدایە. لە کوردستاندا ژمارەی ئەو گەنجانەی تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن، بە بەراورد بە ساڵی پێشوو زۆر زیادیکردووە. سەروو نیوەی ئەوانەی نەخۆشیی دڵیان هەیە، لە خوار تەمەنی پەنجا ساڵییەوەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا گرفتێکی مەترسیدارە، رەنگە ئەم گۆرانکارییە پەیوەست بێت بە هەڵکشانی ژمارەی ئەو گەنجانەی جگەرە دەکێشن، وەک چۆن دەشێت جگەرەکێشان ببێتەهۆی سەرهەڵدانی نەخۆشییە جۆربەجۆرەکانی دڵ.“
19/06/2024