هۆکارەکانی زۆرخەوتن
خەوتن پڕۆسەیەکی ئاسایی جەستەیە تاوەکو مێشک پشووبدات. بۆ بەشی زۆری خەڵک، خەوتن تەنها ئاسوودەبوونێکی هزری و جەستەییە؛ چاو دابخە و بخەوە، بەڵام لە راستیدا خەو یەکێکە لە ئاڵۆزترین و پەنهانترین پڕۆسە جەستەییەکانی مرۆڤ.
هەر کەسێک رۆژانە بەپێی پێویست نەخەوێت، مێشک و جەستەی ناتوانن بە شێوەیەکی رێکخراو و ئاسان کار و فرمانە ئاساییەکانی رۆژانە تێبپەڕێنن، بەڵام ئایا بە راستی پێویستە رۆژانە چەند بخەوین؟
رۆژانە چەند بخەوین؟
پێویستیی خەوتن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، پشتدەبەستێت بە تەمەن و شێوازی ژیان، بەڵام بەگوێرەی رێبەرییەکانی گۆڤاری ”نەیچەر“، پێویستە کەسێکی پێگەیشتوو لە هەر رۆژێکدا بە تێکڕا 7 بۆ 9 کاتژمێر بخەوێت. لە راستیدا لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا، پێویستیی لەش بۆ خەو کەمدەبێتەوە. بۆ نموونە مناڵێکی ساوا کاتێک لەدایکدەبێت، رۆژانە پیویستی بە 14 بۆ 17 کاتژمێر خەوتن هەیە، بەڵام کاتێک کەسێک تەمەنی دەگاتە سەروو 65 ساڵ، تەنها پێویستی بە 7 کاتژمێر خەوتن دەبێت.
زۆرخەوتن
ئەگەر کەسێکی پێگەیشتوو بۆ زیاتر لە نۆ کاتژمێر بخەوێت، ئەوە بە زۆرخەوتن هەژماردەکرێت. لە راستیدا ئەگەر ئەم زۆرخەوتنە بۆ ماوەیەکی دوورمەودا بەردەوام نەبێت، رەنگە گرفتێکی ئەوتۆ نەبێت، بەڵام درێژەکێشانی حاڵەتەکە دەرخەری بوونی گرفتێکە لە کەسەکەدا.
هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە زۆرن، دەشێت خواردنی کۆمەڵێک دەرمانی جۆربەجۆر سەربکێشێت بۆ زۆرخەوتن. بەدەر لە دەرمان، هەندێک گرفتی تەندروستی بەدیدەکرێن کە دووبارە هەمان بارودۆخ دەهێننەوەئاراوە، لەوانەش:
- خەمۆکی و دڵەڕاوكێ
- قەڵەوی
- نەخۆشییەکانی دڵ
- شەکرە
- ئازاری ماوەدرێژ
- گرفت لە رژێنی سایرۆید
بەشی زۆری هۆکارەکانی زۆرخەوتن لە گەنجاندا، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ. چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکان، وا دەکات سیستەمی خەو رێکببێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر بەهۆی بەکارهێانی دەرمانێکەوە، تووشی زۆرخەوتن ببین، دەشێت پزیشکی پسپۆڕ دەرمانەک بگۆڕێت و بەو شێوەیەش گرفتەکە بە یەکجاری چارەسەر ببێت. لە ئەگەری درێژەکێشانی گرفتی زۆرخەوتندا، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، بە مەبەستی وەرگرتنی رێنمایی پێویست.
18/06/2024