مەکسیم گۆرکی.. ئەو نووسەرەی پێنج جار بەربژێری بردنەوەی نۆبڵ بوو

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لای زۆرینە، بە باوکی ڕیاڵیزمی سۆشیاڵیستی ناسراوە، وەکو مەزنترین نووسەری پرۆلیتارەکانی یەکێتیی سۆڤیەت دەستنیشان کراوە، مەکسیم گۆرکی، لە ئاستی نووسەرەکانی ڕووسیا ناوی لە لیستی مەزنترینەکاندایە، ڕێکەوتی 18ی حوزەیرانی 1936، کۆچی دوایی کردووە.

منداڵییەکی سەختی هەبووە

ئالێکسی ماکسیمۆڤیچ پێشکۆڤ، ناسراو بە مەکسیم گۆرکی، ڕێکەوتی 28ی ئازاری 1868 لەدایکبووە، هەر لەگەڵ دەرکەوتنی وەکو نووسەر، گوزارشتی لە ژیانی ڕاستەقینەی ڕووسەکان کردووە، لە تەمەنی هەشت ساڵیدا دەستی بە کار کردن کردووە و قۆناغێکی سەختی منداڵی بەسەربردووە.

کاری سەختی کردووە

گۆرکی لەمیانی کارکردندا، زۆرینەی کاتەکان برسی بووە و جلوبەرگی ناشرین و هەژارانەی لەبەربووە، لەمیانی کارکردنی وەکو قاپشۆر، هاوڕێیەکی بە خوێندنەوە ئاشنای دەکات و ئەم پێشهاتە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ژیانی دروستدەکات و یەکەم خاڵی وەرچەرخان بووە بۆ ژیانی تایبەتیی خۆی.

خۆشەویستی دەربازی کردووە

گۆرکی لەسەر دەستی داپیرەی پەروەردە کراوە و چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان و ئەفسانەکان قوتابخانەیەکی مەزن بوون بۆی، خوێندنە ئازادەکەی وای لێکردووە بەردەوام بەشێوەیەکی ناباو بیربکاتەوە و سۆز و خۆشەویستی داپیرەی هۆکارێک بووە بۆ دەربازبوون لەو ژیانە سەختەی پیایدا تێپەڕیوە.

لە کۆمەڵەگەیەکی موسوڵماندا گەورە بووە

گۆرکی لە سنووری کۆمەڵگەیەکی موسوڵمانی شاری کازان گەورە بووە، گەرچی لە ژیانیدا هەوڵیداوە کۆتایی بە خۆی بهێنێت، بەڵام هەوڵەکەی سەرکەتوو نەبووە و بڕیاری گەشتکردنی درێژخایەنی داوە، لە باشووری ڕووسیا چەندین ناوچەی جیاواز گەڕاوە و کاریگەرییە ئەدەبییەکانی لە ئازار و مەینەتیی خەڵکی ئاساییەوە وەرگرتووە، کاتێک لە تبلیسی وڵاتی جۆرجیا گیرساوەتەوە، دەستی کردووە بە نووسین و بڵاوکردنەوەی کورتەچیرۆکەکان.

هاوڕای تۆڵستۆی و چێخۆف بووە

بۆ یەکەم جار و لە ساڵی 1895، لە تەمەنی 27 ساڵیدا ناوبانگی بە بڵاوکردنەوەی کورتەچیرۆکی "چێلکاش" بەدەستهێناوە و هەنگاوی بەرەو گەورەبوون ناوە لە ئاستی ئەدەبیاتدا، خاوەنی دونیابینییەکی تایبەتی ئەدەبی بووە و هاوڕای لیۆ تۆڵستۆی و ئانتۆن چێخۆف بووە.

دژ بە دەسەڵاتخوازی بووە

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، گۆرکی توانیویەتی زنجیرەیەک شانۆیی بڵاوبکاتەوە و لەڕێگەیانەوە کاریگەریی لەسەر ڕەوتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی دروستبکات، لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە پارتی بەڵشەڤیکیی ڕووسیا، بە بڵاوکردنەوەی "قووڵاییە نزمەکان" لە ساڵی 1902، توانیویەتی ناسناوی خۆی بەرز بکاتەوە و هەمووان بیناسن، گەرچی بەڵشەڤیکی بووە، بەڵام دژی بیرۆکەکانی لێنین بووە لە گرتنی دەسەڵات و بەشێوەیەکی ئاشکرا دژایەتیی مێتۆدە دەسەڵاتخوازییەکانی کردووە.

لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا، گۆرکی لە دووریی نیشتمان و لە وڵاتی ئیتاڵیا، زۆربەی کاتەکانی بەسەربردووە و بازنەیەکی گەورەی دروستکردووە بۆ کۆکردنەوەی نووسەرە دیارەکانی ئەورووپا و خوێنەوارەکانی ڕووسیا.

پێنج جار بەربژێر بووە بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ

لە ئاستی نووسینی چیرۆک و گێڕانەوەکاندا، گۆرکی هێندە کاریگەریی دروستکردووە، پێنج جار بەربژێر بووە بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە ئەم خەڵاتە بەدەستبهێنێت، بەڵام ڕەخنەگران بە یەکێک لە کاریگەرترین نووسەرانی سەدەی بیستەمی هەژماردەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە، جێپەنجەی گۆرکی تەنیا لەسەر سیستمی سۆڤیەتیی جێنەماوە و کاریگەریی لەسەر جیهانیش دروستکردووە.

کۆتا ساتەکانی ژیانی

ڕێکەوتی 18ی حوزەیرانی 1936، بەشێوەیەکی لەپڕ و خێرا، مەکسیم گۆرکی کۆچی دوایی کردووە و هۆکاری مردنەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ نەخۆشیی دڵ، بەڵام زۆرێک لە ڕەخنەگران، مردنەکەی بەگوماناویی دەزانن و باوەڕیان وایە گۆرکی کوژراوە، لەگەڵ مردنی بە چەند کاتژمێرێک، مێشکی دەرهێنراوە و هاوتای پاڵەوانەکانی دیکەی ڕووسیا، بە پاڵەوانێکی کولتووریی ناوی تۆمار کراوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی مردنەکەشیدا، ڕادیۆکانی یەکێتیی سۆڤیەت بەم جۆرە ناوی گۆرکیان هێناوە: نووسەرێکی مەزنی ڕووسیا، هونەرمەندێکی زیرەکی جیهان، هاوڕێی کرێکار و جەنگاوەران بۆ بردنەوەی کۆمیۆنیزم کۆچی دوایی کرد.

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا