چۆن خۆمان لە گڕەبردن بپارێزین؟

یەکێک لە لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گڕەبردنە
یەکێک لە لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گڕەبردنە

لە وەرزی هاویندا پلەی گەرمی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر دۆخی تەندروستیی هاونیشتمانییان بەگشتی و بەتایبەتیش لەسەر کەسانی بەساڵاچوو و منداڵان دروستدەکات.

چۆن پلەی گەرمیی بەرز کار لە جەستەمان دەکات؟

کاتێک پلەی گەرمیی جەستە بەرزدەبێتەوە، موولولەکانی خوێن فراوانتردەبن و فشاری خوێن کەمدەکات، لە ئەنجامدا دڵ بە بەهێزی و خێرایی کاردەکات، لە ئەگەری زۆر نزمبوونەوەی فشاری خوێنیش مەترسیی تووشبوون بە جەڵتە زیاددەکات

لە هەمانکاتدا ئارەقکردن دەبێتەهۆی لە دەستدانی بڕێکی زۆر شلەمەنی و خوێ لە جەستەدا، هەموو ئەوانەش دەبنەهۆی دەرکەوتنی کۆمەڵێک نیشانە لەوانەش:

  1. هەستکردن بە هیلاکی
  2. دڵتێکەڵهاتن
  3. بوورانەوە
  4. شپرزەیی
  5. گرژبوونی ماسولکە
  6. سەرئێشە
  7. ئارەقکردنەوە

کاتێک فشاری خوێنیش زۆر نزمبووەوە، مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاددەکات

چۆن لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا خۆمان لە گڕەبردن بپارێزین؟

  1. زۆر خواردنەوەی شلەمەنی و میوەی ئاودار
  2. دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی راستەوخۆ بە تیشکی خۆر لە کاتە گەرمەکانی رۆژ
  3. پۆشینی پۆشاکە رەنگ کاڵەکان
  4. بەکارهێنانی دژەخۆر
  5. خۆشوشتن بە ئاوی سارد و بەکارهێنانی فێنککەرەوەکان
  6. کەمخواردنەوەی کحول و کافایین

کێن ئەوانەی مەترسیی زیاتریان لەسەرە؟

کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە لە کەسانی بەساڵاچوو و کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان لەوانەش نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە زیاترن، ئەمەش بەهۆی زۆر لە دەستدانی ئاو و پەستانی زۆر لەسەر دڵ.

هەروەها لە منداڵانیشدا مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی مێشک زیاددەکات.

ئایا بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەبێتەهۆی مردن؟

تەنیا لە بەریتانیا ساڵانە بەهۆی بەرزیی پلەی گەرمییەوە بە نزیکەی 2000 کەس گیانلەدەستدەدەن، لەو ژمارەیەش زۆرینەیان تووشیی جەڵتە بوون.

چی بکرێت لە کاتی تووشبوون بە گڕەبردن؟

بەگشتی خەڵکی بۆ ئەم گرفتە سەردانی نەخۆشخانە ناکەن. زۆربەی کات بە خواردنەوەی ئاوی سارد، چوونە بەر هەوایەکی فێنک و وەرگرتنی پشوو، گرفتەکە چارەسەردەبێت. ئەگەر بەمەش چارەسەر نەبێت، بە سەردانکردنی نەخۆشخانە و وەرگرتنی شلەیەکی تایبەتمەند، چارەخوازەکە گرفتەکە تێدەپەڕێنێت.