عێراق لە بەرهەمهێنانى هەنگوین گەیشتووەتە ئاستى خۆبژێوی
وەزارەتی کشتوکاڵى عێراق رایگەیاند، لە بەرهەمهێنانی هەنگویندا گەیشتوونەتە خۆبژێوی، ئەوەش بەهۆى جێبەجێکردنى پلانی پەرەپێدانی کەرتی هەنگ بووە.
هاشم نەجم، بەڕێوەبەری بەشی هەنگ لە وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رایگەیاند، "ژمارەی هەنگەوانان لە ساڵى رابردوو گەیشتە نزیکەی شەش هەزار هەنگەوان و ژمارەی شانە هەنگەکانیش گەیشتە نزیکەی 190 هەزار شانە، کە 850 تۆن بەرهەمیان هەبووە".
گوتیشى، "بڕی بەرهەمهێنانی هەنگوین لەبازارە ناوخۆییەکان زیادەى هەیە و نرخی کیلۆیەک هەنگوین لەبازاڕدا بە بیست هەزار دینارە".
بەڕێوەبەری بەشی هەنگ لە وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، ئاماژەى بەوەکرد، پلانیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی هەنگ لە عێراق هەیە، لەوانەش دابینکردنی قڕکەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئافات و نەخۆشیانەی کە کاریگەرییان لەسەر هەنگەکان هەیە.
هاوکات، ئەوەشى روونکردەوە، سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی لە ماوەی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک دەکات، بە مەبەستی دابەشکردنی پێداویستییەکان لە نێوان هەنگەوانەکاندا بەبێ بەرامبەر.
ئەم بەرهەمى هەنگوینەى عێراق بەبێ هەژمارکردنى بەرهەمى هەنگوینى هەرێمى کوردستانە، کە لە ساڵى رابردوو 500 تۆن بووە.
20/06/2024