پسپۆڕێک: نابێت پرۆسەی شوشتنەوەی گورچیلە دوابخرێت

د. بنار سەردار، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی گورچیلە
د. بنار سەردار، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی گورچیلە

گورچیلەکان یەکێکن لە گرنگترین ئەندامەکانی لەش. فرمانی سەرەکییان بریتییەلە فیلتەرکردن و پاڵاوتنی خوێن. هاوکات پاشماوەکانی لەشیش وەدەر دەنێن و هاوسەنگیی شلەمەنی لە جەستەدا رادەگرن. بۆیە تێگەیشتن لە نەخۆشییەکانی پەیوەست بەم ئەندامە، بە مەبەستی خۆپاراستن و زیادبوونی ئاستی هۆشیاری، گرنگییەکی نەبڕاوەی هەیە.

د. بنار سەردار، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی گورچیلە، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵ8ـدا بەم جۆرە باسی لە گرنگیی گورچیلەکان کرد: ”بەدەر لە فرمانە ئاساییەکانی، گورچیلە توانای رێکخستنی ئاستی ترشێتیی خوێن، ئاستی کانزا و ڤیتامینەکان، رێژەی فشاری خوێن و چەندین فرمانی بایەخداری دیکەی هەیە. کەواتە لەم سۆنگەیەوە دەشێت سستیی گورچیلە چەندین دەرەنجامی نەرێنی لێبکەوێتەوە، لەوانەش بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، داخورانی ئێسک، هەڵئاوسانی لەش و کۆمەڵێک گرفتی دیکە.“

هۆکارەکانی سستبوونی گورچیلە

تێکچوونی کار و چالاکیی گورچیلەکان، دەشێت هەڕەشەیەکی جددی بێت بۆ سەر ژیانمان. لە راستیدا هەندێک لە گرفتەکانی گورچیلە بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و بەرزەفشاری خوێنەوە دێنەئاراوە. نەخۆشییە درێژخایەنەکان چ بە شێوەیەکی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ بێت، دەتوانن کاریگەرییەکی خراپ لەسەر گورچیلەکان دابنێن.

پزیشکەکە لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوەدا کە ”تاوەکو ئاستی شەکرە و بەرزەفشاری خوێن و نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاتر جڵەوبکرێن، کەمتر دەبنەهۆی سەر‌هەڵدانی نەخۆشییەکانی گورچیلە. هاوکات شێرپەنجە و چارەسەرەکانی دووبارە هۆکارێکی بنەڕەتین بۆ سستبوونی گورچیلەکان کە پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.“

چۆن گورچیلەیەکی تەندروستمان هەبێت؟

گرنگە بەگوێرەی پێویستییەکان، بەردەوام پشکنینی میز و خوێن ئەنجامبدرێت بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی تەندروستیی گورچیلەکان. هەڵبەت خواردنەوەی ئاو، کەمکردنەوەی خوێ، دوورکەوتنەوە لە جگەرە، وەرزشکردن، بوونی لەشولار و بارستاییەکی گونجاو و زۆر بەکارنەهێنانی دەرمان، هەموویان رۆڵێکی سەرەکییان لە پاراستنی تەندروستیی گورچیلەکاندا هەیە.

سەبارەت بەم پرسە، پزیشکەکە گووتی: ”زۆرینەی ئازارشکێنەکان و دەرمانە دژەزیندەییەکان کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر گورچیلە هەیە، بۆیە پێویستە بەگوێرەی رێنمایی پزیشک بەکاربهێنرێن. بەگشتی پێویستە سەرجەم دەرمانەکان لەژێر رێنمایی پزیشکدا وەربگیرێن و نابێت سەربەخۆیانە دەرمان وەربگرین، چونکە وەرگرتنی ماوەدرێژی دەرمانەکان گورچیلەکان لاوازدەکەن.“

”لە راستیدا سستبوونی گورچیلەکان، لە قۆناغەکانی سەرەتادا هەستی پێناکرێت، مەگەر بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک پشکنینی تاقیگەیی ورد ئاشکراببێت. بۆیە ئەگەر تووشبووانی شەکرە و نەخۆشییە ماوەدرێژەکان، هەست بە هیچ گرفتێکی گورچیلەش نەکەن، هەر پێویستە ساڵانە پشکنینی گورچیلە ئەنجامبدەن، چونکە دەشێت گورچیلەیان لاوازبووبێت و نیشانەکانی دەرنەکەوتبێت.“

نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی گورچیلە

وەک باسکرا، لە سەرەتای سستبوونی گورچیلەدا، نیشانەیەکی گەورە و جددی بەدی ناکرێت. بەڵام لە قۆناغەکانی دواتردا دەشێت کۆمەڵێک نیشانە دەربکەون، لەوانەش زۆرمیزکردن، میزێکی خوێناوی یاخود رەنگ تاریک، سووربوونەوە و خورانی پێست، رەقبوونی ماسولکەکان، هەڵئاوسانی پێیەکان، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بێهێزبوون و ژمارەیەک نیشانەی دیکە.

چارەسەری سستبوونی گورچیلە

کاتێک سستبوونی گورچیلە دەگاتە قۆناغەکانی کۆتایی، دوو رێگەچارەی سەرەکی لەبەردەست پزیشکی پسپۆڕدایە: چاندنەوەی گورچیلەیەکی نوێ، یاخود شوشتنەوەی گورچیلە بە بەردەوامی. لە هەندێک وڵات ئامێری پێشکەوتوو بەردەستە کە لەو رێگەیەوە دەتوانرێت لەناو ماڵدا پرۆسەی شوشتنەوەی گورچیلە ئەنجامبدرێت، بەڵام بۆ هاونیشتیمانییانی کوردستان ئەم ئامێرە بەردەست نییە، هەر بۆیە پێویستە چارەخوازان بۆ شوشتنەوەی گورچیلە سەردانی نەخۆشخانە بکەن.

د. بنار گووتی ”نابێت پرۆسەی شوشتنەوەی گورچیلە دوابخرێت، پێویستە چارەخواز هەفتانە ئەم کردەیە ئەنجامبدات. خۆ ئەگەر وا نەکات، رەنگە ئاوسانی قاچەکان، تێکچوونی ئاستی کانزاکان و تەنانەت دەشێت ژەهراویبوونیشی لێبکەوێتەوە، یانیش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر سیستەمی کارەبایی دڵ دابنێت و ببێتەهۆی وەستانی کوتوپڕی دڵ.“

ماکەکانی سستبوونی گورچیلە

پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوەدا کە دەشێت سستبوونی گورچیلەکان ببنەهۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی چەندین گرفتی تەندروستیی جۆربەجۆر، لەوانەش:

  • نەخۆشییەکانی دڵ
  • لاوازبوونی هەستە دەمارەکان
  • داخورانی ئێسک
  • گۆڕانی ئاستی ترشێتیی خوێن