هەواڵی ناخۆش کاریگەری لەسەر تەندروستیی چارەخواز دەبێت؟

د. دانیال سەعدی، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان
د. دانیال سەعدی، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان

کاریگەریی هەواڵی ناخۆش لەسەر چارەخواز بەندە لەسەر ئەو کەسەی کە هەواڵەکەی پێدەگەیەنێت، لەگەڵ جۆری هەواڵەکە و بارودۆخی دەروونیی ئەو کەسەش کە هەواڵەکە وەردەگرێت. هەڵە لە شێوازی گەیاندنی هەواڵی ناخۆشدا، دەکرێت کاریگەرییەکی خراپ لەسەر چارەخواز دروستبکات.

سەبارەت بەم پرسە، د. دانیال سەعدی، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، بە کەناڵ8ـی راگەیاند: ”چارەخواز مافی خۆیەتی هەموو زانیارییەک سەبارەت بە نەخۆشییەکەی بزانێت، جا چ هەواڵەکە خۆشبێت یان ناخۆش، بەڵام لە هەمووی گرنگتر چۆنیەتیی گەیاندنی هەواڵەکەیە بە چارەخواز.“

چۆن هەواڵەکە بگەیەنرێت؟

گەیاندی هەواڵی ناخۆش بە چارەخواز، قۆناغێکی هەستیارە و شێوازی گەیاندنی هەواڵەکە دەکرێت لێکەوتێکی خراپ لەسەر چارەخوازەکە بەجێبهێڵێت.

پزیشکەکە لەو بارەیەوە گوتی: ”زۆرجار پزیشکێکی ئاسایی یاخود کەسوکاری چارەخواز هەواڵە ناخۆشەکە دەگەیەنن، بەڵام لەڕاستیدا وا باشترە دەروونزانێکی پسپۆر ئەم کارە بکات.“

”بۆ ئەوەی هیچ گومان و دوودڵییەک لەلای نەخۆشەکە نەمێنێت، پێویستە پزیشکەکە زانیاریی تەواوی لەبارەی بەرەنجامەکانی نەخۆشییەکەوە هەبێت و توانای وەڵامدانەوەی سەرجەم پرسیارەکانی نەخۆشەکەی هەبێت. لەلایەکی دیکەشەوە گرنگە کە لە ژینگەیەکی ئارام و دوور لە جەنجاڵیی خەڵکدا هەواڵەکە بە نەخۆش بدرێت.“

لە چ کاتێکدا نابێت هەواڵی ناخۆش بە چارەخواز بگوترێت؟

د. دانیال سەعدی ئاماژەی بەوەدا کە ”مافی چارەخواز خۆیەتی زانیاریی تەواوی سەبارەت بە نەخۆشییەکەی هەبێت. هەڵبەت لە دوو بارودۆخدا نابێت پزیشک هەواڵی ناخۆش بە چارەخواز بڵێت: یەکەمیان کاتێک چارەخوازەکە خۆی نەیەوێت هەواڵەکە ببیستێت، یاخود نەخۆشەکە تەمەنی لە خوار 18 ساڵەوە بێت.“