باڵیۆزی ئێران لە سویسرا باسی داهاتووی پەیوەندیی نێوان وڵاتەکەیی و ئیسرائیل دەکات

مەحمود بریمانی، باڵیۆزی ئێران لە سویسرا
مەحمود بریمانی، باڵیۆزی ئێران لە سویسرا

لە چاوپێکەوتنێکدا، باڵیۆزی ئێران لە سویسرا ئەنجامدانی ریفراندۆم وەکو رێگەچارەیەکی نوێ بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی فەڵەستین دەخاتەڕوو دەشڵێت "رێگەچارەی هەبوونی دوو دەوڵەت (بەناوی ئیسرائیل و فەڵەستین) ناپەسەندە".

مەحمود بریمانی، باڵیۆزی ئێران لە سویسرا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دامەزراوەی میدیایی سویس ئینفۆ، باسی دوا گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیی ئێران و سویسرا دەکات، کە لە چوار دەیەی رابردوودا سویسرا دەستپاک بووە لە پارێزگارییکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ئەمریکا، کەنەدا و سعودییە، پاش ئەوە تاران دەسەڵاتەکانی بەخشیوە بە باڵیۆزخانەی سویسرا لەو وڵاتانە.

مەحمود بریمانی دەڵێت، پاش ئەوەی بە نێوەندگیریی دەوڵەتی عومان و قەتەر پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودییە ئاسایی کرایەوە، لە 2023 بە فەرمیی داوا لە سویسرا کرا لەمەودوا نوێنەرێتی ئێران نەکات لە ریازی پایتەختی سعودییە و هەردوو وڵات باڵیۆزخانەی خۆیان دەکەنەوە و پەیوەندییەکان ئاسایی دەکەنەوە، بەڵام هێشتا سویسرا رۆڵی گرنگی هەیە لە بەڕێکردنی کارەکانی تاران لە هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا و کەنەدا.

ئاماژە بەوەشدەکات، لەرێگەی باڵیۆزخانەی سویسرا ئاگاداری ئەمریکامان کردبوو لە تۆڵەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق، هێرشێکی سنووردار دەکەینە سەر ئەو دامەزراوە سەربازییانەی ئیسرائیل کە بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردبوو.

لەبارەی پرسی فەڵەستینەوە، مەحمود بریمانی، دەڵێت، "ئێمە ددان بە رژێمی داگیرکاری ئیسرائیل-دا نانێین، پێشنیاز دەکەین ریفراندۆم و هەڵبژاردن بکرێت کە تیایدا رێگەی بەشداریی بدرێت بە فەڵەستینیە رەسەنەکان کە لە ساڵی 1948ـەوە دەرکراون، لەگەڵ ئەوانەی لەسەر خاکی فەڵەستین دەژین بە موسڵمان، یەهود و کریستیان، لەو راپرسییەدا بەشداریی بکەن و خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

بریمانی هەروەها دەڵێت : "رێگەچارەی دانپێدانانی دوو دەوڵەت جێبەجێناکرێت و پەسەندکراو نەبووە، جگە لەوەی حکومەتەکەی نەتانیاهۆ رەتیدەکاتەوە، ئێمە پشتیوانی رێگەچارەی دیموکراتیی دەکەین بە ئەنجامدانی ریفراندۆمێک".