لە پشووى جەژنى قوربان 348 هەزار و 331 گەشتیار هاتوونەتە هەرێمى کوردستان

یەکێک لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی دووکان
یەکێک لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی دووکان

بەگوێرەى ئامارى فەرمى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان، لە پشووى جەژنى قورباندا 348 هەزار و 331 گەشتیار هاتوونەتە هەرێمى کوردستان.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان بۆ کەناڵ8 گوتى، "لە رۆژانى پشووى جەژنى قورباندا 348 هەزار و 331 گەشتیار هاتوونەتە هەرێمى کوردستان، نزیکەى 90%ـی گەشتیارى خواروو و ناوەڕاستى عێراق بوون و ئەوى دیکەش گەشتیارى بیانى بووە".

ناوبراو گوتیشى، "لە پلەى یەکەم پارێزگارى هەولێر زۆرترین گەشتیار رووی تێکردووە پاشان پارێزگاى سلێمانى بە پلەى دووەم، دهۆک و هەڵەبجە بە پلەى سێیەم و چوارەم بوون".

هەروەها بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان باسى لەوەشکرد، گەشتیارێک لەهەرێمى کوردستان لە نێوان 250 بۆ 300 دۆلار خەرجدەکات، ئەگەر 275 دۆلار هەژمار بکەین، ئەوا 95 ملیۆن و 791 هەزار دۆلار خەرجکراوە و ئەو پارەیەش کەوتووەتە دەست هاونیشتمانیانى کاسبکار و خاوەنی هۆتێل و رێستۆرانتەکان و کۆمپانیا گەشتیارییەکان.

هاوکات ئەوەشى خستەڕوو، لە پشووى جەژندا 250 هەزار سەردانیکەر یان سەیرانکەر روویان لەناوچە گەشتیارییەکانى هەرێمى کوردستان کردووە.

بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان ئەوەشى روونکردەوە، بەگوێرەى ئەو رووپێوییەى ئەنجامیاندابوو، پێش جەژنى قوربان رایانگەیاند 300 هەزار گەشتیار روو لە هەرێمى کوردستان دەکات، کە ئەو ئامارەى خراوەتەڕوو لەسەروو پێشبینییەکانیانەوە بووە.