شاهۆ... ئەو شاعیرەی خاوەنی دیوانێکی هەمەچەشنە

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

شاهۆ، کوڕی مەلا حەسەنی کوڕی مەلا عەبدولقادرە، یەکێکە لە شاعیرە نیشتمانپەروەرە دیارەکانی ناوچەی هەورامان، ڕێکەوتی 23ی حوزەیرانی 1971، لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

نووسەری دامەزراوە میرییەکان بووە

شاهۆ سەرەتای قۆناغی ژیانی بە فێربوونی زمانەکانی فارسی و عەرەبی بەسەربردووە، هاوتای خوێندنی وانە ئایینییەکان، ئەم شاعیرە ماوەیەکی زۆری ژیانی بە سەرقاڵبوونی کاری میرییەوە بەسەربردووە، لە چەندین شوێن نووسەری دادگا و دامەزراوە میرییەکان بووە.

ساڵی 1953، لەگەڵ خانەنشینبوونیدا، شاهۆ بەتەواوەتی خۆی بۆ خودا پەرستی و نووسینی شیعر تەرخان کردووە، تاوەکو کۆچی دوایی، سەرقاڵ بووە بە گوتنەوەی وانەی شیعری.

دیوانەکەی هەمەچەشنە

شاهۆ خاوەنی توانایەکی باڵا بووە لە نووسینی هەڵبەستدا، دیوانەکەی هەگبەیەکی دەوڵەمەندە لە شیعری هەمەچەشن، کە بەسەر سێ بەشی ئایینی، نیشتمانی و دڵدارییدا دابەشدەبن، یەکەم هەڵبەستی لە ساڵی 1924 چاپکراوە.

ئەم شاعیرە، خوێنەری شیعری سەردەمی پێش خۆی و هاوشاعیرەکانی بووە، دۆستایەتییەکی زۆری لەگەڵ ئەحمەد موختار جاف هەبووە و گفتوگۆیان لەسەر پرسە ئەدەبییەکانی پەیوەست بە شیعر کردووە.

یەکێک لەو کەسایەتییانەی کە بەردەوام لە خەمی کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی شاهۆ بوون، ڕووناکبیر و شاعیر محەمەد ئەمین کاردۆخی بووە.

وێڕای هاندان بۆ خۆشویستنی خاک و نیشتمان، شاهۆ خاوەنی چەندین نوکتەی پێکەنینی ناو کۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە، خۆشەویستی ناو خەڵک بووە و کۆتا ساتەکانی ژیانی بۆ ئایین و خودا پەرستی تەرخان کردووە.

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا