شێخ مارف بەرزنجی... یەکەم نووسەری کوردە بە تەوژمی هۆش چیرۆکی نووسیوە

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

شێخ مارف، کوڕی شێخ عەبدولکەریمی کوڕی شێخ حوسێنی بەرزنجی، ناسراو بە شێخ مارفی بەرزنجی، یەکێکە لە چیرۆکنووس و ڕەخنەگرە ئەدەبییەکانی کورد، ڕێکەوتی 23ی حوزەیرانی 1963، لە تەمەنی 42 ساڵییدا لەسێدارە دراوە.

پارێزەر بووە

شێخ مارف سەر بە بنەماڵەیەکی ئایینیی ڕێبازی قادریی بووە، ساڵی 1921 لە ناوچەی قادر کەرەم لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی بڕیوە و ساڵی 1944 ڕووی لە شاری بەغداد کردووە، لە کۆلێژی ماف وەرگیراوە، ساڵی 1948 بڕوانامەی پارێزەریی وەرگرتووە.

لای شێخ مەحموود بووە

ماوەی دوو ساڵ وەکو پارێزەر لە شاری کەرکووک کاری کردووە، بەڵام هەڵوێستە سیاسییەکانی وایان کردووە ڕوو لە سەنگاو، قەرەداغ و شارباژێڕ بکات و لەلای شێخ مەحموودی حەفید ماوەی چوار مانگ ماوەتەوە.

بە نووسینی هۆنەراوە دەستیپێکردووە

ژیانی ئەدەبیی شێخ مارف بەرزنجی، ساڵی 1937 دەستیپێکردووە، ئەوکاتەی کە تەمەنی 16 ساڵ بووە، یەکەمین هۆنراوەی نەتەوەیی نووسیوە، یەکەم هەوڵی بڵاوکردنەوەشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1942، پاشان ساڵی 1947 دەستی داوەتە نووسینی چیرۆک و ماوەی هەشت ساڵی خایەندووە تاوەکو ڕەوتێکی نوێی گرتووەتە بەر لە نووسینی چیرۆکدا و تەکنیکەکانی بەرەوپێشچوونی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە.

یەکەم کەسە چیرۆکی لەسەر تەوژمی هۆش نووسیوە بە کوردی

چیرۆکی "سەر لە بەیانی نەورۆزێک"، هەروەکو لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی پێدراوە، شێخ مارف بەرزنجی دەنووسێت؛ ئەم چیرۆکەم لەسەر شێوە و شێوازی تەوژمی هۆش نووسیوە"، بەمەشدا دەردەکەوێت، ئەم چیرۆکنووسە، یەکەمین کەس بووە دەستی داوەتە نووسینی چیرۆک لەسەر ئەم ڕێبازە ئەدەبییە.

لە نموونەی چیرۆکە دیارەکانی بریتین لە:

ئاواز و کەباب
گای پیرۆز
نامەی سەر سنوور
شەتڵ

ڕەخنەگر بووە

هاوتای نووسینی چیرۆک، خاوەنی پێنووسێی ڕەنگین بووە لە نووسینی شانۆنامە و نووسینی ڕەخنەی ئەدەبی، کە بەردەوام لە هەوڵدا بووە لە بواری ڕەخنەی ئەدەبییدا، هەڵسەنگاندنی دروست بۆ بەرهەمەکان بکات و ڕێنووسەکان ڕێکبکاتەوە و پێوانەیەکی ڕاست و دروست بۆ نووسین دیاری بکات.

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا