ئیڤان فایەق: 397 ئاوارەى ئێزدى لە دهۆک گەڕاونەتەوە شەنگال

کەمپى شاریا لەپاڕێزگاى دهۆک کە ئاوارە ئێزدییەکانى تێدایە. فۆتۆ: AP
کەمپى شاریا لەپاڕێزگاى دهۆک کە ئاوارە ئێزدییەکانى تێدایە. فۆتۆ: AP

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، 397 ئاوارەى ئێزدى کە لە دەرەوەى کەمپەکانی پارێزگاى دهۆکدا بوون، گەڕاونەتەوە قەزاى شەنگال.

ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانى عێراق گەڕانەوەی 397 ئاوارەی دانیشتووی دەرەوەی کەمپەکانی دهۆکی بۆ ناوچە رەسەنەکانیان لە شنگال راگەیاند.

ئەوەشى راگەیاندووە، ئەو ئاوارانەى گەڕاونەتەوە شەنگال، دانیشتووى ناوچەى خانکێ بوون لە شەنگال، پرۆسەی گەڕانەوەکەش بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا ئەنجامدراوە.

ئیڤان فایەق ئەوەشى روونکردووەتەوە، گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ ناوچەکانى خۆیان لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتدایە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبوون لە وڵاتەکەدا.

بە مەبەستی گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ ناوچەکانى خۆیان، حکومەتى عێراق بڕى چوار ملیۆن دینار دەدات بە هەر خێزانێک، ئەوەش هاوکار بووە بۆ گەڕانەوەى بەشێکى زۆر لە ئاوارەکانى پارێزگاکانى سەڵاحەدین، دیالە و نەینەوا.

ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا چەند کەمپێکى ئاوارە ئێزدییەکان لە پارێزگاى دهۆک ماونەتەوە و حکومەتى عێراق بۆ گەڕانەوەیان فشارى کردووە و 30ـی تەمووزى وەک دوا وادە دیارىکردووە.