ئاوات شێخ جەناب: هەژماری من هەنگاوێکی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبووەوە و رایگەیاندووە، هەژماری من هەنگاوێکی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی حوزەیرانی 2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبۆوە و رایگەیاند، جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی، رێگری لە سپیکردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆژەکە چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی پێشکەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەشت بانکی ئەهلی و حکومییەوە بەردەوامە کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە باوەڕپێکراون و رەزامەندی بەشداری پرۆژەکەیان پێدراوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری دارایی بڕیاریداوە چەندین کارئاسانی زیاتر بۆ تیمەکان بکرێت تا پرۆسەکە خێراتر بکرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان، هەروەک بڕیاریشدرا تاوەکو یەکی ئەیلولی ئەمساڵ مۆڵەت بە فەرمانبەرانی مەدەنی و کارمەندانی لیوا هاوبەشەکان بدرێت لە پارێزگای هەولێر کە تا ئێستا خۆیان لە پرۆژەکە تۆمار نەکردووە.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من دوایین داتا و ئاماری پرۆژەکەیان خستەڕوو بەجۆرێک تا ئێستا زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە پرۆژەکە تۆمارکراون و نزیکەی 240 هەزار کارتی بانکیش دابەشکراوە. ئەوەش بەگوێرەی راگەیەندراوەکە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم مانگە زیاتر لە 50 هەزار مووچەخۆر کە لە 135 یەکەی ژمێریاریی لەسەرجەم وەزارەتەکان پێکهاتبوون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەکانی داهاتوو رێژەکە بۆ دوو هێندە بەرز دەکرێتەوە.
باسلەوشکراوە، تاوەکو ئێستا 94 ئامێری راکێشانی پارە لە 32 شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر داندراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا 140 ئامێری راکێشانی پارە لەسەر تاسەری هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
ئەوەشهاتووە، بەپێی دوایین ئامارەکانیش تا ئێستا لیستی نزیکەی چوار هەزار و 500 فەرمانبەر ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی 'TBI' کراوە و بە چەند قۆناغێک کارتی بانکی گەڕاوەتەوە بۆ فەرمانبەران.
24/06/2024