مایکڵ جاکسن.. پادشای پۆپ و ئەستێرەی سینەما

حەسەن فەلاح 1 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ئاستی جیهانی موزیک و گۆرانیی پۆپی ڕۆژئاواییدا، مایکڵ جاکسن، لە دیارترین ناوەکانە، ئەم گۆرانیبێژە جیهانییە، ڕێکەوتی 25ی حوزەیرانی 2009 لە تەمەنی 50 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لەدایکبووە

مایکڵ جۆزێف جاکسن، ناسراو بە مایکڵ جاکسن، ڕێکەوتی 29ی ئابی 1958 لە ئەمریکا لەدایکبووە، لە دیارترین هونەرمەندە گۆرانیبێژەکانی جیهانە، خاوەنی توانایەکی گەورە بووە لە گۆرانی گوتن و نواندن لە کلیپ و فیلمە سینەماییەکاندا، وەکو سەماکار، نووسەری گۆرانی، گۆرانیبێژ و ئەکتەر کاری کردووە، زۆرینە بە پادشای پۆپ ناویانهێناوە و ستایشیان کردووە.

باوەڕی بە ئاشتەوایی هەبووە

مایکڵ جاکسن، لە ژیانیدا، توانیویەتی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر کولتوورە جیاوازەکانی جیهان دروستبکات، بەدیاریکراوییش لە پرسی ماف و ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکاندا.

گەرچی مایکڵ جاکسن تەنها نیو سەدە ژیاوە، بەڵام لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا توانیویەتی زیاتر لە 150 گۆرانی بەرهەمبهێنێت و زیاتر لە هەزار جار پێشکەشیان بکات.

لە سینەماشدا ناوبانگی هەبووە

پادشای پۆپ، لە ئاستی سینەماشدا کەسایەتییەکی دیار و پرشنگدار بووە، بەنزیکە لە 40 فیلمی سینەماییدا بەشداریی کردووە و ڕۆڵی گێڕاوە، بە تێکڕای کارە هونەرییەکانیشی، توانیویەتی تۆمارێکی گەورە بۆ خۆی دروستبکات و ببێت بە خاوەنی 748 خەڵاتی جیاواز.

حەسەن فەلاح

1 کاتژمێر پێش ئێستا