پەیکەرتاشێک نەخش لەسەر توێکڵی هێلکە دەکات

پەیکەرتاشێک لە شاری سامسونی تورکیا، نەخشە وردەکانی لەسەر توێکڵی هێلکە دەکات، هەر هێلکەیەکیش کە دەینەخشێنێت لەوەی پێش خۆی جیاوازە. بەهۆی خۆشەویستیشی بۆ هونەرەکەی هەوڵدەدات زۆرترین فێرخواز فێربکات تاوەکو لەسەر پیشەکە بەردەوام بن و بە زیندوویەتی بیهێڵنەوە

رەزا یەمانی تەمەن 64 ساڵ، ساڵانێکە نەخش لەسەر توێکڵی تەنکی هێلکە دەکات، پیشەکەی بووەتە هۆی ئەوەی نازناوی "هەڵگری میراتی کولتووری بێ قازانج"ـی لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتیاری تورکیاوە پێببەخشرێت.

کارەکەی رەزا وردە و سەرنجێکی زۆری دەوێت، ئەو نەخش لەسەر توێکڵی تەنکی هێلکە دەکات، جوانترین دیزاین و شێوەکانی لەسەر دروست دەکات، هیچ نەخشێکیش لەوەی پێش خۆی ناچێت.

لەپاڵ ئەوەشدا، کاری هەڵکۆڵین لەسەر دار و خۆشنووسی دەکات، بەڵام هێلکە نەخشێنراوەکانی رەزا بەردەوام دەبێتە جێگەی سەرنجی زیاتر.

ئەم دەستڕەنگینە، بە کارە دەستییەکانی بەشداریی لە فێستیڤاڵ، چالاکی ناوخۆیی و دەرەکیی دەکات، تەنانەت چەندین شوێنکاری بێبەرامبەر دەکاتەوە بۆئەوەی بتوانێت پیشەکەی بگوازێتەوە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو، تا بە زیندوویی بیهێڵێتەوە.

بەوتەی رەزا یامان، لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 10 مامۆستا هەن کە کار لەسەر ئەم هونەرە دەکەن، هەموویان لەلای خۆیانەوە لە شوێنکارەکانیاندا خەڵک فێردەکەن، بەو هیوایەی کە بتوانن ژمارەی ئەو کەسانە زیاد بکەن کە لەو بوارەدا کاردەکەن.

هەر نەخشێک لەسەر هێلکەکان دەکرێت تایبەتە بەو شێوەکارەی کە کردوویەتی، بە وتەی ئەوانەی لەو بوارەدا کاردەکەن، تەنانەت ئەگەر خۆشیان بیانەوێت ناتوانن نەخش و دیزاینێک دووبارە بکەنەوە کە پێشتر کردوویانە.