569 ئاوارە گەڕانەوە بۆ شنگال

کەمپى شاریا لەپاڕێزگاى دهۆک کە ئاوارە ئێزدییەکانى تێدایە. فۆتۆ: AP
کەمپى شاریا لەپاڕێزگاى دهۆک کە ئاوارە ئێزدییەکانى تێدایە. فۆتۆ: AP

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق گەڕانەوەى 569 ئاوارەى لە کۆمەڵگەى شاریا و گوندەکانى سەر بە پارێزگاى دهۆکی بۆ زێدى خۆیان لە شنگال راگەیاند.

ئیڤان فایەق جابرۆ، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، 569 ئاوارەى نیشتەجێى دەرەوەى کەمپەکان لە کۆمەڵگەى شاریا و گوندەکانى سەر بە پارێزگاى دهۆک گەڕاونەتەوە زێدى خۆیان لە شارۆچکەى شنگال.

گوتیشى، گەڕانەوەى ئاوارەکان بە هەماهەنگى لەگەڵ رێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتیی و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانى نەینەوا بووە و پاڵپشتى لۆجستییان بۆ دەستەبەرکراوە.

بە گوێرەى کارنامەى حکومەتى عێراق، بڕیارە 30ـی تەممووزى ئەمساڵ تەواوى کەمپەکان لە هەرێمى کوردستان دابخرێن و کۆتایی بە دۆسیەى ئاوارەکان بهێنرێت، بەڵام لیژنەى کۆچ و کۆچبەرانى ئەنجوومەنى نوێنەران بە ئەستەمى دەزانێت لەو وادەیەدا کەمپەکان دابخرێن.

پێشتریش وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاندبوو، ژمارەى ئەو خێزانە ئاوارانەى ماونەتەوە 28 هەزار خێزانن و سەرجەمیان لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستاندان.