وەزارەتى ناوخۆی عێراق: بەنرخێکى باش چەک لەهاوڵاتییان دەکڕینەوە
وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەىاند، چەک بەنرخێکى باش لە هاوڵاتییان دەکڕن و حکومەت 16ملیار دینارى بۆ ئەو مەبەستە دابینکردووە.
میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، حکومەت دەیەوێت چەک تەنیا لەدەستى دەوڵەت بێت، بۆ ئەوەش دەستیان بەکڕینەوەى چەک کردووە و لەلایەن هاوڵاتییانەوە پێشوازى لەم بڕیارە کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغى یەکەم تۆمارکردنى چەکەکانە و قۆناغى دووەم کڕینەوەیەتی، 16 ملیار دینار بۆ ئەو بابەتە دابینکراوە کە دوو ملیار دیناری بۆ بەغداد و بڕى یەک ملیار دیناریش بۆ پارێزگاکانی دیکە.
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق باسیلەوەشکردووە، بەنرخێکى باش چەک لە هاوڵاتییان دەکڕنەوە.
لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2022 یاساى چەک پەسەندکرا و بەگوێرەى ناوەڕۆکى یاساکە، پێویستە هاوڵاتییان چەکەکانیان تۆماربکەن و ئەگەر هەر کەسێکى چەکى بێمۆڵەتى پێبێت، ئەوا بە بەندکردن بۆ ماوەیەک كە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت و بە پێژاردنێک كە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنچ ملیۆن دینار زیاترنەبێت، سزا دەدرێت.
28/06/2024