گەڵف کیستۆن: بەرمیلێک نەوتى شێخان بە 28 دۆلار فرۆشراوە

کێڵگەیەکى نەوتیى هەرێمى کوردستان
کێڵگەیەکى نەوتیى هەرێمى کوردستان

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، له راپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات، لە مانگى ئایاری رابردوو، یەک بەرمیل نەوتیان لە کێڵگەى شێخانی سەربە دەشتى نەینەوا بە 28 دۆلار فرۆشتووە.

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، یەکێکە لەو هەشت کۆمپانیایەى لە ئەندامانى کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان "ئەپیکور" بەشدارە، بۆ یەکەمجارە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنی نەوت لە هەرێمى کوردستان لە راپۆرتی فەرمیی خۆیدا، دان بە فرۆشتنی نەوتدا بنێت لە پاش راگرتنی هەناردەکردنییەوە بەو نرخە کەمە کە تەنیا 28 دۆلارە بۆ یەک بەرمیل، لەکاتێکدا لە بازاڕى بۆرسەى جیهانى یەک بەرمیل نەوت بە 85 دۆلارە.

جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، رایگەیاند "پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە و بە سەرکەوتوویی لەگەڵ ژینگەی نوێی کارکردنیان گونجاون" دەشڵێت "پاش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتى کوردستان، بە سەلامەتی کارەکانمان گواستەوە بۆ فرۆشتنی ناوخۆیی".

راشیگەیاندووە "لە مانگى ئایارى رابردوو، 48 هەزار و 200 بەرمیل نەوتى رۆژانەمان هەبووە و یەک بەرمیل نەوتى خاو لەناوخۆ بە 28 دۆلار فرۆشراوە".

هاوکات، ئەوەش روونکراوەتەوە، کە تێکڕای فرۆشی نەوتى خاو لە کێڵگەى شێخان لە ساڵی 2024 تاوەکو 20ى حوزەیران رۆژانە 38 هەزار و 700 بەرمیل بووە.