ئەخۆل.. شاعیری هەڵبەست و گۆرانی

حەسەن فەلاح 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەد دەروێش، ناسراو بە ئەخۆل، یەکێک بووە لە دیارترین شاعیرەکانی سەدەی رڕابردوو، ڕێکەوتی 29ی حوزەیرانی 1988، لە تەمەنی 77 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

سیاسەت لە خوێندنی دابڕاندووە

ئەخۆل، ساڵی 1911 لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە قۆناغی هاتنی ئینگلیز بۆ شارەکە، قۆناغی سەرەتایی خوێندنی تەواوکردووە، لە سایەی بارودۆخی سیاسیدا نەیتوانیوە برەوی زیاتر بە خوێندن بدات و لێی دابڕاوە.

فەرمانبەر بووە

لە سەروبەندی گەورەبوون و پێگەیشتندا، وەکو فەرمانبەر لە شارەوانیی سلێمانی دامەزراوە، کە هەر لەو سەردەمەدا، شارەوانییەکە سەرپەرشتیی دەرکردنی هەردوو ڕۆژنامەی ژین و ژیانی کردووە، ژیانی فەرمانبەریی ئەخۆل بەردەوام بووە تاوەکو ساڵی 1970 و خانەنشین بووە.

بەهۆی پیرەمێرد لە بواری ئەدەبیدا خۆی دۆزیوەتەوە

ئەخۆل لەماوەی ژیانیدا، کاری لە چاپخانەی سلێمانی کردووە، بەمەش چاوی بە کاریگەریی ئەدەب و شیعر ڕوون بووەتەوە و ئاشقی نووسینە ئەدەبییەکان بووە، لە سایەی پیرەمێردی شاعیردا، خۆی لە بواری ئەدەبدا بینیوەتەوە، هاوکات ئاشنایەتییەکی گەورەی لەگەڵ شاعیرانی سەردەمی خۆی پەیداکردووە، لەوانە: شێخ نووریی شێخ ساڵەح، فایەق بێکەس، شێخ سەلام و عەبدوڵا گۆران.

شیعرەکانی هەمەجۆرن

گەرچی ئەخۆل تەنیا قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنی تەواوکردووە، بەڵام لە شیعرەکانیدا شارەزایەتیی زمان و لێهاتووییەکەی دەردەکەوێت، گوزارشت و دیمەنە شیعرییەکانی گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن کە ئەخۆل نووسەر و شاعیرێکی بەتوانا و لێهاتوو بووە، لە بوارەکانی شیعری ئەوینداری، نیشتمانپەروەری و سیاسیدا بەرهەمی نووسیوە.

لە چوارچێوەی هەوڵدانی بۆ نوسینی شیعر، ساڵی 1970 یەکەم دیوانی خۆی بەناوی "پەیمان و شیوەن" چاپ و بڵاوکردووەتەوە، ساڵی 1984، دووەم دیوانی بە ناونیشانی "ئەخۆل" چاپکراوە.

حەسەن فەلاح

4 کاتژمێر پێش ئێستا