رەنگی پیسایی چیمان پێدەڵێت؟
بە شێوەیەکی ئاسایی، پیسایی بریتییە لە پاشماوەی هەرسکراو و مژراوی خواردن کە لەشی مرۆڤ سوودی لە خۆراکەماددەکانی نێوی وەرگرتووە، هاوکات دەشێت رەنگی پیسایی نیشانەیەکی سەرەکی بێت بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی تەندروستیی جەستەی مرۆڤ.
شلەی زراو و ئەو جۆرە خواردنانەی مرۆڤ دەیخۆن، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر رەنگی پیسایی هەیە. شلەی زراو شلەیەکی رەنگ زەردە، کە بەرپرسیارە لە هەرسکردنی چەوری لەنێو ریخۆڵەدا. کاتێک شلەی زراو بەنێو کۆئەندامی هەرسدا بڵاودەبێتەوە، کارلێک لەگەڵ کۆمەڵێک ئەنزیمی تایبەتمەنددا دەکات، سەرەنجام رەنگی پیسایی لە سەوزەوە دەگۆڕێت بۆ قاوەیی، واتا لە بنەڕەتدا ئەوە زراوە کە رەنگی پیسایی بەم جۆرە لێدەکات.
رەنگی پیسایی و نەخۆشی
رەنگی قاوەی، رەنگە سروشتی و ئاساییەکەی پیساییە. بەگوێرەی بەرنامەی خۆراکی و هەندێک گرفتی تەندروستی، دەشێت رەنگی پیسایی بگۆڕێت. گۆڕانی رەنگی پیسایی بۆ رەنگی سەوز، دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری جیا جیا: دەشێت هۆکارەکە خواردنی بڕێکی زۆر لە سەوزە، هەندێک جۆری دەرمان، یاخود هەوکردنی ریخۆڵە بێت. سەوزە جۆربەجۆرەکان لە توانایاندایە رەنگی پیسایی بگۆڕن بۆ سەوز. هاوکات تەواوکەرە خۆراکییەکانی وەک ئاسن و لەلایەکی دیکەشەوە دەرمانە دژە بەکتریاکانی هەردووکیان پێدەچێت رەنگی پیسایی بگۆڕن بۆ سەوز کە ئەمە دیاردەیەکی ئاساییە.
لە هەندێک بارودۆخدا، دەکرێت رەنگی پیسایی زەرد بێت. بۆنموونە خواردنی بڕێکی زۆر لە چەوری، دەرنەدانی بڕی تەواو لە زەرداوی زراو بۆ نێو ریخۆڵە، دوو هۆکاری بنچینەیی گۆڕانی رەنگی پیسایین. دروستبوونی بەرد لە بۆریی زراودا، تێکچوونی کار و فرمانی جگەر، یاخود تووشبوون بە شێرپەنجەی زراو، هەموویان هۆکارن بۆ دروستبوونی سستی لە دەردانی شلەی زراو و لە ئەنجامدا گۆڕانی رەنگی پیسایی بۆ زەرد. لە راستیدا هەندێک لەم حاڵەتانە دەرخەری بوونی گرفتی مەترسیدارن و پێویستە پشتگوێنەخرێن.
گۆڕانی رەنگی پیسایی بۆ سوور، یەکێکە لە ئەگەرەکان کە دەشێت لە میانی گیرۆدەبوون بە ژمارەیەک گرفتی تەندروستیدا بێتەئاراوە. خوێنبەربوون لە بەشی خوارەوەی کۆئەندامی هەرسدا، دەبێتەهۆی بەدیکردنی ئەم حاڵەتە. هەندێک جۆری خواردنیش دووبارە دەشێت هۆکاری پشت ئەم گۆڕانە رووکەشییە بن.
ئەگەر رەنگی پیسایی بگۆڕێت بۆ رەش، پشتڕاستکەرەوەی بوونی خوێنبەربوونە لە بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەرسدا، واتە لە دەم، سوورێنچک، گەدە، یاخود هەندێک بەشی دیکەدا. دواجار دەشێت دەرمانەکانیش هۆکاربن بۆ روودانی ئەم گرفتە سەیرە.
30/06/2024