قوباد تاڵەبانی:نابێت بەهیچ هۆکارێک کارکردن لە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە–چەمچەماڵ بوەستێت
قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە–چەمچەماڵی بەسەرکردەوە و رایگەیاند،"نابێت بەهیچ هۆکارێک کارکردن لە پڕۆژەکە بوەستێت".
پڕۆژەکە زیاتر له 78 ملیۆن دۆلارى بۆ تەرخانکراوە و كۆمپانیای هابیكا جێبەجێیدەکات و بڕیارە پڕۆژەکە لە ماوەی 730 رۆژدا تەواو بکرێت.
پڕۆژەکە توانای بهرههمهێنانی 3400 مەتر سێجا ئاوی خواردنهوهی له یهك كاتژمێردا ههیه و زیاتر له 480 ههزار كهس لێی سوودمهند دهبن.
نووسینگەى رۆژنامەوانى قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بڵاویکردەوە "لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەئامادەبوونی دارا رەشید، وەزیری پلاندانان پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە–چەمچەماڵی بەسەرکردەوە".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند: دانیشتوانی چەمچەماڵ ساڵانێکی زۆرە بە دەست کێشەی ئاوەوە دەناڵێنن و چەندین ساڵیشە چاوەڕوانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیەن".
گوتیشی "نابێت بەهیچ هۆکارێک کارکردن لە پڕۆژەکە بوەستێت و داوایکرد کۆمپانیای جێبەجێکار لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکات، چونکە ئەمە سەرەکیترین داواکاری و مافی دانیشتوانی چەمچەماڵە".
پێشتر رەمک رەمەزان، قایمقامى چەمچەماڵ لەبارەى سەردانەکەى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ چەمچەماڵ بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "سێ لیستمان ئامادە کردووە بۆ جێگرى سەرۆکى حکومەت، یەکەمیان ئەو پرۆژانەى راگیراون ژمارەیان 17 دانەیە کە کارى لەسەر بکرێتەوە، 70 پرۆژەى پێشنیازکراویشمان ئامادە کردووە، گفتوگۆى لەسەر بکەین کە داواکاریى ناحیە و یەکە ئیدارییەکانە لەسەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان".
ئەوەشى خستەڕوو، لەماوەى ساڵى 2017 تاوەکو کۆتایى 2023 بەبەهاى 30 ملیار دینار و بڕى دوو ملیۆن دۆلار، پرۆژە لەبوارى کەرتى کارەبا خەرجکراوە و جێبەجێکراوە.
قایمقامى چەمچەماڵ، ئەوەشى دووپاتکردەوە کە قەزاى چەمچەماڵ، بۆ ئەوەى داواکارییەکانى جێبەجێبکرێت بۆ تەواوکردنى پرۆژە راگیراوەکان و تەواونەکراوەکان لەگەڵ پرۆژە نوێیەکان بڕى 150 ملیار دینارى پێویستە، گوتیشى: گفتوگۆ دەکەین کە ئەو پرۆژانەى کارى لەپێشینە و ئەولەویەتیان هەیە، کاریان لەسەر بکرێت، کە لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانى پاش گفتوگۆکردن بڕیار لەسەر چەند پڕۆژەیەک بدات.
30/06/2024