شارەوانیى سلێمانى: لە ئەمڕۆوە 13 هەزار پارچە زەوى تاپۆ دەکەین

لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانى سلێمانى. فۆتۆ: کەناڵ8
لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانى سلێمانى. فۆتۆ: کەناڵ8

سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى رایگەیاند، لەکۆى 25 هەزار پارچە زەوى هێزە ئەمنییەکان، 13 هەزاریان ئامادەیە و لە ئەمڕۆوە خاوەنەکانیان دەتوانن سەردانیان بکەن، تاوەکو نووسراویان بۆ بکەن بۆ تاپۆ.

لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى لەبارەى تاپۆکردنى زەوى هێزە ئەمنییەکان، کە ماوەى 15 ساڵە بێچارەسەر ماوەتەوە بە کەناڵ8ـى راگەیاند، دواى بڕیارەکەى جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ تاپۆکردنى ئەو زەوییانە رێکارەکانیان دەستپێکردووە.

گوتیشى، لە کۆى 25 هەزار 13 هەزار پارچە زەوى ئامادەیە و خاوەنەکانیان دەتوانن سەردانیان بکەن، تاوەکو نووسراویان بۆ بکەن بۆ تاپۆ.

سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى باسى لەوەشکرد، 219 پارچە زەوى سودمەندییان تەواو بووە و ئەمڕۆ رێگەپێدانەکەیان واژۆ دەکرێت و دەتوانن خانوو لەسەر زەوییەکان دروستبکەن، جگە لەوەش 700 پارچەى زەوى رێگەپێدانى کاتى بۆ کراوە و دواى تاپۆکردنى خاوەنەکەى دەتوانێت بیفرۆشێت.

لەبارەى دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەراندا لەیلا عومەر راگەیاند، پێگە و رووبەرەکانیان دیاریکردووە، چەندى لەناو ماستەرپلان و چەندى لە دەرەوەى ماستەرپلانن، لەگەڵ ئەوەشدا ستاف و بودجە و فەرمانێکیان پێویستە لە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە دەربچێت، بۆ ئەوەى کوژاندنەوە بۆ هەندێک لە زەوییەکان بکرێت کە هى وەزارەتەکانى دارایی و کشتوکاڵن.
گوتیشى، داوایانکردووە بە بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیران هەموو رۆتیناتەکان لاببرێن، بۆ ئەوەى وەکو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کارى لەسەر بکەن.