هۆکارەکانی لەبارچوونی کۆرپەلە چین؟ پسپۆڕێک وەڵامدەداتەوە
لەبارچوون گرفتێکی تاڕادەیەک باوە لە جیهاندا، نزیکەی لە %10ـی خانمانی دووگیان دووچاری ئەم گرفتە دەبن. کاتێک کۆرپەلە لە پێش هەفتەی 24ـی دووگیانییەوە دەمرێت، ئەو حاڵەتە بە لەبارچوون هەژماردەکرێت.
د. سۆما تاهیر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، لە بەرنامەیەکی کەناڵ8ـدا باسی لە پرسی لەبارچوونی کۆرپەلە و هۆکارەکانی پشت ئەم گرفتە کرد. دکتۆرەکە ئاماژەی بەوەدا کە ساڵانە نزیکەی 25 ملیۆن حاڵەتی لەبارچوونی منداڵ لەسەر ئاستی جیهان تۆماردەکرێن.
هۆکارەکان
پەیوەست بەم بابەتە، پسپۆڕەکە گوتی: ”هۆکارەکان زۆرن، بۆ نموونە ئەوانەی تەمەنێکی زۆر منداڵ یاخود گەورەیان هەیە، لە مەترسییەکی زیاتری لەبارچوونی کۆرپەلەدان. لە تەمەنی چل ساڵی بەدواوە ئەگەری لەبارچوونی منداڵ، یاخود لەدایکبوونی منداڵێک کە گرفتێکی زیگماکی هەبێت، زۆر بەرزە. بەگشتی لە تەمەنی 20 ساڵییەوە تاوەکو 35 ساڵی، گونجاوترین ماوەیەک بۆ لەدایکبوونی منداڵ. هەندێک هۆکاری دیکەش دەبنەهۆی لەبارچوون، لەوانەش نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک غوددە، گرفتی بۆماوەیی، جگەرەکێشان، قەڵەوی، خواردنەوە کهولییەکان و کافایین.“
هاوسەرگیریی نێوان دوو کەسی خزم گرفت دروستدەکات؟
پزیشکەکە لەم بارەیەوە گوتی: ”هاوسەرگیری لەنێوان خزمە نزیکەکاندا، ئەگەری لەبارچوون و تووشبوونی منداڵ بە نەخۆشییە بۆماوەییەکان زیاتردەکات.“
رێگریکردن
د. سۆما لەبارەی ئەم پرسەوە گوتی: ”بەر لە پرۆسەی دووگیانی، هاوسەران دەتوانن سەردانی پزیشكی پسپۆڕبکەن بۆ زانین و دەستنیشانکردنی گرفتی کرۆمۆسۆمی، ئەگەر بوونی هەبێت. هەڵبەت پزیشکەکە بڕیاردەدات کە ئایا بارودۆخی کرۆمۆسۆمیی ئەم دوو هاوسەرە باشە یاخود نا. بێگومان ئەگەر مەترسیی لەبارچوون هەبێت، پزیشکەکە دەتوانێت لە رێگەی پێدانی دەرمانەوە گرفتە کرۆمۆسۆمییەکە چارەسەربکات.“
02/07/2024