بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان: سوپاى تورکیا بەدرێژایى 50 کیلۆمەتر لە خاکى هەرێمى کوردستاندایە

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، سوپاى تورکیا بەدرێژى زیاتر لە 50 کیلۆمەتر لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندایە و هیچ بارەگایەکى ئاشکرای پارتى کرێکارانى کوردستان لە سنوورەکەیاندا نییە.

بەهۆى لەشکرکێشیى سوپاى تورکیاوە، بەشێکى گوندەکانى سنوورى سیدەکان چۆڵکراون و بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکانیش ئەوەى بە کەناڵ8 گوت، دواى کۆبوونەوەى لیژنەى باڵا بڕیاردراوە بە رێگەپێدانى ئەو کەسانەى کارى هەنگەوانى، کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى دەکەن لەکوێستانەکانى سیدەکان و دەرەوەى خاڵەکانى پێشمەرگە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، جیاواز لە ساڵانى رابردوو ناسنامەیەک بۆ ئەو کەسانە دروستدەکەن کەسەردانى خاڵەکانى دەرەوەى پێشمەرگە دەکەن، سوپاى تورکیا بەدرێژایى زیاتر لە 50 کیلۆمەتر و بەقووڵایى 30 کیلۆمەتر لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندایە لە شارۆچکەى سیدەکان.

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان جەختى لەوەشکردەوە، هیچ بارەگایەکى ئاشکرای پارتى کرێکارانى کوردستان لە سنوورى شارۆچکەکەیان بوونى نییە.