دەستەی دەستپاکیی سعودیە: 155 کەس بە تۆمەتی گەندەڵیکردن لە حەجی ئەمساڵ دەستگیرکراون

حاجیان لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج. وێنە: AP
حاجیان لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج. وێنە: AP

دەستەی دەستپاکیی سعودیە زانیاریی لەبارەی بوونی دیاردەی گەندەڵیی لە پرۆسەی حەجی ئەمساڵ ئاشکرادەکات و دەڵێت، دەیان کەس بە تۆمەتی وەرگرتن و پێدانی بەرتیل، خراپ بەکارهێنانی پێگەی وەزیفی و ساختەکاریی دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ 2ـی تەمووزی 2024، دەستەی دەستپاکیی سعودیە رایگەیاندووە، پاش ئەوەی لەمانگی حوزەیراندا دەیان پرۆسەی چاودێری و بەدواداچوون بۆ شێوازی خزمەتگوزارییەکان لە رێورەسم و مەراسیمەکانی حەجکردن ئەنجامدران، 155 کەس دەستگیرکراون و لێپێچینەوە لەگەڵ 382 کەس کراوە. 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسانە سەر بەوەزارەتەکانی ناوخۆ، داد، فێرکردن، تەندروستی، بازرگانی، شارەوانی، نیشتەجێکردن، رۆشنیبیریی، دەستەی زەکات و باج و گومرگی سعودیە بوون.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکیی سعودیە، ئەمساڵ 256 هەزار کەس کە خەڵکی سعودیە نەبوون، بەشێوەیەکی نافەرمی بەشدارییان لە مەراسیمی حەجدا کردووە، ئەوەش گرفتی بۆ قۆناغە جیاوازەکانی مەراسیمەکە دروستکردووە.