کاردانەوەکان لەبارەی ئەگەری سزادانی یاریزانەکەی تورکیا بەردەوامە
چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بە میدیای فەرمیی تورکیایان راگەیاندووە، لەسەر گوتەکانی نانسی فایسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی مەریح دەمیراڵ، یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا، بە مەبەستی پێدانی روونکردنەوە، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە بانگکراوەتە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لە راگەیەندراوێکدا گوتەکانی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیای رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کردنەوەی دۆسیە لەسەر دەمیراڵ لەلایەن یوفاوە قبووڵنەکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکەی یوفا لە کاتێکدایە بە بڕیاری حکومەتی ئەڵمانیا هەموو ئاماژەیەکی گورگەبۆرەکان بە توندڕەوی ناونەبراوە و ئاماژەکەش لە ئەڵمانیا قەدەغە نییە. هەر بۆیە سەرکۆنەی هەر کاردانەوەیەکی سیاسی دەکەن بەرامبەر ئاماژەکەی مەریح دەمیرەڵ پیشانبدرێت.
لای خۆیەوە عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان رایگەیاند، راگەیەندراوەکەی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا و لێکۆڵینەوەکەی یوفا لەبارەی مەریح دەمیراڵ مایەی قبووڵکردن نییە.
یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیاش بڕیارەکەی یوفای بە "شورەیی" ناوبرد و گوتی، بڕیارەکە مەبەستدارە و ئامانجی دیکەی لەپشتەوەیە.
عوسمان ئاشکن باک، وەزیری وەرزش و گەنجانی تورکیاش لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکەی دەمیراڵی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، پێویست بە روونکردنەوەی درێژ ناکات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیا "مەهەپە"ش بڕیارەکەی یوفای بە هەڵە و زۆر لایەندارانە ناوبرد و گوتی، کردنەوەی دۆسیە لەسەر دەمیراڵ مەبەستدارە.
بەهۆی ئەوەی ئاماژەی گورگەبۆرەکان لە نەمسا قەدەغەیە، بۆیە بەکارهێنانی لەلایەن دەمیراڵەوە لە یارییەکەیان بەرامبەر نەمسا کاردنەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و چاوەڕواندەکرێت یوفا لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەوە بدات.
03/07/2024