ئایدن مەعروف: ئاماژەی گورگەبۆرەکان گوزارشت لە رەگەزپەرستی ناکات
لەکاتێکدا یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا لێکۆڵینەوە لە یاریزانێکی تورکیا دەکات بەهۆی بەکارهێنانی ئاماژەی گورگەبۆرەکان، وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێنەی ئەو یاریزانەی تورکیا بڵاودەکاتەوە و رەتیدەکاتەوە، ئەو ئاماژەیە گوزارشت لە رەگەزپەرستی بکات.
ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان وێنەکەی مەریح دەمیراڵ، یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیای بڵاوکردووەتەوە کە ئاماژەى گورگەبۆرەکانى بەرزکردووەتەوە و لەوبارەیەوە بە کەناڵ8ـی گوت، "ئاماژەی گورگەبۆرەکان گوزارشت لە نەتەوەی تورک دەکات لەسەرتاسەری جیهان، وەک دروشمێک تەماشادەکرێت و هیچ پەیوەندییەکی بە پرسی رەگەزپەرستییەوە نییە".
گوتیشی، "یەکەمجار نییە ئەو دروشمە بڵاودەکەمەوە و ئاماژەی گورگەبۆرەکان پەیوەندیی بە ئەفسانەیەکی کۆنی نەتەوەی تورکەوە هەیە".
ئەمەش دوای ئەوەدێت، مەریح دەمیراڵ، یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا، دوای تۆمارکردنی گۆڵێک بەرامبەر هەڵبژاردەی نەمسا، ئاماژەی گورگەبۆرەکانی بەکارهێنا، بەهۆی ئەوەی ئاماژەکە لە نەمسا قەدەغەکراوە، یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات و چاوەڕواندەکرێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەوە بدات.
ئاماژەکەی دەمیراڵ و ناساندنی هەموو خەڵکی تورکیا بە تورک، ناڕەزایەتیی کورد و نەتەوەکانی دیکەى تورکیای لێکەوتووەتەوە و بەشێک لە تورکەکانیش رەفتار و قسەکانی رەتدەکەنەوە.
گرووپی گورگەبۆرەکان لەساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە دامەزراوە و بەگرووپێکی راستڕەوی توندڕەوی تورکیا دادەنرێت و ئاماژەکەیان بریتییە لە بەرزکردنەوەی دەستەکانیان و داخستنی سێ پەنجە و بەرزکردنەوەی دوو پەنجەی دیکەیانە. مێژووی بزوتنەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەی بەخێوکردنی منداڵێکی تورک لەلایەن گورگێکەوە لە دوای لەناوچوونی سەرجەم تورکەکان.
بەگوێرەى رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ، گرووپەکە تێوەگلاوە لە کاری توندوتیژی سیاسیی لە نێوان چەپەکان و ناسیۆنالیستەکانی تورکیادا و لە سەردەمی کودەتاکەی ساڵی 1980 بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی پێنج هەزار کەس. ئەم گرووپە لە فەرەنسا قەدەغە کراوە و لە نەمساش هێماکەیان قەدەغە کراوە و لە ئەڵمانیاش لەژێر چاودێریدان.
04/07/2024