پێشبینییەک بۆ داهاتى فرۆشتنى نەوتى عێراق لەمانگى ئەیلوولدا

کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لە کێڵگەیەکی نەوت لە باکووری بەسرە. 
فۆتۆ: AP
کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لە کێڵگەیەکی نەوت لە باکووری بەسرە. فۆتۆ: AP

کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق، پێشبینى دەکات داهاتى فرۆشتنى نەوتى خاو، لەمانگى ئەیلوولدا بۆ 9 ملیارو 380 ملیۆن دۆلار زیاد بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 11ى ئەیلول، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، پێشبینى کردووە هەناردەى نەوتى عێراق لەمانگى ئەیلول بەراورد بە مانگى ئاب، رۆژانە نزیکەى 60 هەزار بەرمیل زیاد بکات.

لەمانگى ئابدا، عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 444 هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەى دەرەوە کردووە.

کۆمپانیاى سۆمۆ ئەوە دەخاتەڕوو، لە هەفتەى یەکەمى مانگى ئەیلوولدا، هەناردەى نەوت گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل، هەر بەرمیلێک بە 89 دۆلار و دوو سەنت فرۆشراوە.

 لەسەر ئەو بنەمایەش تێکڕاى هەناردەى نەوتى خاو لەم مانگەدا، دەگاتە 105 ملیۆن و 111 هەزار بەرمیل.

هەروەها پێشبینى ئەوەشى کردووە ئەگەر گۆڕانکارییەکى گەورە لە نرخى نەوت و بەرهەمهێنانیدا روو نەدات، داهاتى فرۆشتنى نەوت بۆ نۆ ملیار و 380 ملیۆن دۆلار لەم مانگەدا زیاد بکات.

سۆمۆ ئەوەشى روونکردووەتەوە، رێژەى بەرهەمهێنانى نەوتى بەسرە، لە هەفتەى یەکەمى مانگى ئەیلوولدا، سێ ملیۆن و 470 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، لەو بڕە دوو ملیۆن و 275 هەزار بەرمیلى لە جۆرى نەوتى خاوى مامناوەند بووە، هەروەها یەک ملیۆن و 195 هەزار بەرمیلى لە جۆرى نەوتى قورس بووە.

رێکخراوى ئۆپێک کە عێراق وەک وڵاتێکى بەرهەمهێنەرى نەوت تێیدا ئەندامە، دەتوانێت بەرهەمهێنانى رۆژانەى نەوتى .چوار ملیۆن و 150 هەزار بەرمیل بێت